شارپرێس:
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی سنوری ئێران لەپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بەفەرمی ڕایگەیاند، هێرشێکی چەکداریی گروپە نەیارەکانی حکومەتی تاران بۆسەر یەکەیەکی هێزهكانیان لەسنووری شاری (شاڵدێران) تێکشکێندراوە.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى عەمید عەلی ئەکبەر جاودان فەرماندەی پاسهوانى سنورى ناوچەکە ئاشكرایكردوه، لەڕێگەی چاودێرییەکی توندی هەواڵگرییو مەیدانییەوە لەلایەن هێزە سنورییەکانەوە پێشوهخته ئامادهكاریى بۆكراوهو هێزەکانیان ڕاستەوخۆ بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی چەکداریی زۆر قورس لەناوچەکەدا هاتوەتە ئاراوە.
ئهوهشى وتوه، "لەئەنجامی تەقەکردنی چڕی هێزە سنورییەکان، دوو چەکداری گروپە نەیارەکە کوژراون، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش دهریدهخهن، چەند چەکدارێکی دیکەی هەمان گروپ برینداربونو بەهۆی چڕی تەقەکەوە بەرەو ناوچە سنورییەکانی وڵاتێکی دراوسێ هەڵاتون".
عەمید عەلی ئەکبەر جاودان ڕونیکردوهتهوه، دوای کۆتاییهاتنی پێكدادانەکە، دەستبەسەر بڕێک چەکو کەرەستەی سەربازیدا گیراوە.
ئەم ڕوداوەش لەکاتێکدایە کە ناوچە سنورییەکانی باکوری ڕۆژئاوای ئێران بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیو شاخاوییەکەیانەوە، بەردەوام دەبنە گۆڕەپانی گرژییو ئاڵۆزیی ئەمنی لەنێوان هێزە چەکدارەکانی ئێرانو گروپە جیاوازە نەیارەکاندا.
چاودێرانیش پێیانوایه، بهگوێرهى شوێنی جوگرافیی ڕوداوەکەو لێدوانی فەرمی فەرماندەیی پاسهوانى سنورى ئێران، ئەو هێزە لەخاکی تورکیاوە هێرشەکەیان ئەنجامداوەو بەرەو ئەوێش گەڕاونەتەوە.
شاری شاڵدێران کە ڕوداوەکەی تێدا ڕوداوه، هاوسنورە لەگەڵ پارێزگای وانو ئاگری لەڕۆژهەڵاتی تورکیا (باكورى كوردستان)، لەڕاپۆرتە ئەمنییەکاندا ئاماژە بەوەکراوە، چەکدارە بریندارەکان دوای تێکشکانی هێرشەکەیان، بەرەو خاکی وڵاتی بەرامبەر (واتە تورکیا) هەڵاتونەتەوە.