شارپرێس:
لەکاتێکدا بەرپرسانو خاوەن کورسییەکان لەژێر سایەی بەخشینی خزمەتگوزارییە شاهانەییەکاندا چێژ لەئینتەرنێتی بێبەرامبەرو بێسنور وەردەگرن، هاوڵاتیانی ئاسایی لەژێر بارگرانی نرخی گرانبەهای هێڵەکانو سانسۆری توندی سەر ئازادییەکاندا دەتلێنەوە، ئەمەش جیاکارییەکی ڕونو دابەشبونێکی قووڵی نێوان جیهانی دەسەڵاتدارانو واقیعی هاوڵاتیان نیشاندەدات.
دوای سێ مانگ لەپچڕانی تەواوەتی کە وەک درێژترینو توندترین بڕانی ئینتەرنێت لەمێژوی هاوچەرخی جیهاندا تۆمارکرا، دەسەڵاتدارانی ئێران ناچاربون پاشەکشە بکەنو هێڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەیان ملیۆن هاوڵاتی بگەڕێننەوە، بەڵام ئەم گەڕانەوەیەش ئازادیی تەواوی لەگەڵ خۆیدا نەهێناوە، چونکە بەهۆی بەردەوامیی سانسۆر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاوڵاتیان بەلێشاو ڕویان لەکڕینی فیلتەرشکێن (VPN) کردوە.
گەڕانەوەی ئینتەرنێت دوای ئەوەهات کە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، سەرەڕای دژایەتیی توندی توندڕەوی ناو دەسەڵات، بڕیاری کۆتایهێنان بەم بلۆککردنە مێژوییەی واژۆکرد.
ڕێکخراوی "NetBlocks"ی نێودەوڵەتی پشتڕاستیکردەوە، ئەمە درێژترین پچڕانی نیشتمانیی ئینتەرنێت بوە لەمێژودا کە بەهۆی دەرهاویشتەکانی جەنگی شوباتی 2026و خۆپێشاندانەکانی پێشوترەوە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنرابوو.
حکومەت لەماوەی ڕابردودا بەپاساوی "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لەکاتی جەنگدا" تەواوی هێڵەکانی جیهانی بڕیبوو و تەنها هێڵە ناوخۆییەکانی هێشتبوەوە.
هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی هێڵەکان، هاوڵاتیانی ئێران ڕوبەڕوی دیوارێکی دیكهى سانسۆر بونەوە، چونکە زۆربەی ماڵپەڕو ئەپڵیکەیشنە جیهانییەکان هێشتا داخرابون، بەکارهێنەران لەتارانو شارەکانی دیكه، بەخێراییەکی زۆر پەنایان بردەبەر بەکارهێنانو کڕینی فلتەرشکێنەکان بۆ تێپەڕاندنی فلتەری دەسەڵات، ئەمەش وایکرد، بازاڕی کڕینو فرۆشتنی فلتەرشکێن ببێتە پڕداهاتترین بازاڕی ئێستا لەئێراندا.
پڕۆژەی حکومەت بۆ دابینکردنی "ئینتەرنێتی پڕۆ" بەپارەیەکی یەکجار زۆر بۆ کۆمپانیاکانو بەخشینی "سیمکارتی سپی" بێ سانسۆر بەبەرپرسان، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی توندی لەناو خەڵکدا دروستکردو وەک جیاکاریی چینایەتیو سوکایەتی بەهاوڵاتیان سەیرکرا.
ئەم پچڕانە سێ مانگییە کەرتی بازرگانیی دیجیتاڵی لەئێراندا بەتەواوی ئیفلیجکردو زیانی یەکجار گەورەی بەبازاڕی کار گەیاند.
ژوری بازرگانیی ئێران ئاشکرایکردوه، بڕانی ئینتەرنێت بوەتە هۆی زیانی ڕۆژانە کە بە30 بۆ 40 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمەش زیانی گەورەی لەپڕۆژە بچوکەکانو کاسبکارانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوە.
هەزاران گەنج کە کارەکانیان لهسەر هێڵى ئینتهرنێت بوو کارەکانیان لەدەستداو کۆمپانیاکانیش ڕوبەڕوی قەیرانی دارایی قورس بونەوە کە چاکبونەوە لێی کاتێکی زۆری دەوێت.
شارەزایان پێیانوایە، پاشەکشەی تاران لەم بڕیارەو هێورکردنەوەی دۆخی دیجیتاڵی، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەدەستپێکردنی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانو ڕاگەیاندنی ئاگربرینی کاتی لەمانگی نیسانی 2026دا، کە وایکردوە بارگرانیی نێودەوڵەتیو ئەمنی لەسەرشانی وڵاتەکە کەمێک سوک بێت.
