شارپرێس:
لەکاتێکدا کە شەقامەکانی
تورکیا لەژێر قورسایی قەیرانێکی ئابوریی خنكێنەردا دەناڵێنن، گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکەش
گەیشتوەتە لوتکەی گرژییەکان، بهگوێرهى ڕاپۆرتە شیکارییەکان، ئەو ڕوداوانەی لەمدواییانەدا
لەدژی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ڕویانداوە، تەنها ململانێیەکی یاسایی سادەنین، بەڵکو وەرچەرخانێکی
مێژویین کە پاشەڕۆژی سیستەمی سیاسیی وڵاتەکە دیاریدەکەن.
کودەتای یاسایی دژی
حزبهكهى ئەتاتورک
لەبڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا،
دادگای پێداچونەوەی ئەنكەرە سەرکردایەتی (ئۆزگور ئۆزێل)ی لەسەرۆکایەتی پارتی کۆماریی
گەل (جهههپه ـ CHP) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنەو لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە
دامەزراوە، هەڵوەشاندەوە.
دادگا بەشێوەیەکی کاتیی
کەمال کڵیچدار ئۆغڵو-ی گەڕاندەوە بۆ پۆستى سهرۆكایهتى ئهو حزبه، ئەم بڕیارە یاساییە
دەستبەجێ بوە هۆی دەستوەردانی سەربازیی، پۆلیس هەڵیانکوتایەسەر بارەگای سەرەکی حزبەکە
لەئەنكەرە بۆ بڵاوەپێکردنی لایەنگرانی ئۆزێل.
ئاکپارتی (حزبی دەسەڵاتدار)
لهبارهى ئهو بڕیاره دژى سهرۆكایهتى جهههپه دەڵێت، "ئەمە کێشەیەکی
ناوخۆیی حزبی ئۆپۆزسیۆنەو پەیوەندیی بەکڕینی دەنگو سەرپێچی ڕێکخراوەییەوە هەیە لەکۆنگرەکەیانداو
ئەم هەنگاوەش باڵادهستى دادگایه"، بهڵام چاودێرانى سیاسیى جهختدهكهنهوه
لهسهرئهوهى، "ئهوهى ڕویدا لێدانى ئهردۆغانه لهڕكابهره سهرهكیهكهى،
پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو".
لێدانی ئەستێرە درەوشاوەکەی
ئەستەمبوڵ
زانیارییهكان ئاماژه
بهوهدهكهن، گرژییەکان تەنها لەناو حزبەکەدا نەوەستان، بەڵکو گەیشتونهته لوتکەی
لێدانی بەهێزترین ڕکابەری ئەردۆغان، ئهویش ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵه،
ئیمامئۆغڵو کە لەدەنگدانی بەرایی ئۆپۆزسیۆندا 15.5 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنابوو، بەتۆمەتی
گەندەڵیو سیخوڕی سیاسیی دەستگیرکرا.
هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا،
بڕوانامەی زانکۆییەکەی هەڵوەشێندرایەوە تاوەکو بەتەواوی لەڕوی یاساییەوە ڕێگەی لێبگیرێت
خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بپاڵێوێت.
ئایا "ئەردۆغانیزم"
لەلێواری کەوتندایە؟
شیکەرەوە سیاسییەکان
ئاماژە بەوەدەکەن، بەکارهێنانی هێزی ئەمنیو دەسەڵاتی دادوەریی لەلایەن ڕەجەب تەیب
ئەردۆغانەوە، نیشانەی هێز نییە، بەڵکو نیشانەی دۆخی بەرگرییە.
دوای ئەو شکستە گەورەیەی
کە حزبی دەسەڵاتدار لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا چێشتیو بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەو
هەڵاوسانی بێوێنەی ئابوریی، پێگەی جەماوەری حکومەت پاشەکشەیکردوە، بۆیە لێدان لەهێما
مێژوییەکانی وەک حزبهكهى ئەتاتورک، هەوڵێکە بۆ شێواندنی ناسنامەی ڕکابەرەکان لەپێناو
مانەوە لەدەسەڵاتدا.
جیهان چاو دەنوقێنێت
بهبڕواى چاودێران، لەکاتێکدا
کە دیموکراسی لەتورکیا لەژێر مەترسیدایە، ئەردۆغان سود لەبارودۆخی نێودەوڵەتی وەردەگرێت،
وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمریکا لەئێستادا دۆسیەی مافەکانی مرۆڤو دیموکراسییان لەتورکیا
پشتگوێخستوە؛ چونکە پێگەی ستراتیژی ئەنكەرە لەناتۆ، پیشەسازیی بەرگرییو ڕۆڵی لەجەنگی
ئۆکرانیاو ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ ئەوان گرنگترە لەچارەنوسی سیاسیی
ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی تورکیا.
