پێش ساڵی 2030 شەڕ ڕودەدات؟ دانیمارک ئامادەکاریی بۆ بانگهێشتکردنی 180 هەزار سەربازی یەدەگ ده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى بەڵگەنامە نهێنییەکان، سوپای دانیمارک بەهاوکاری وەزارەتی بەرگریی هێڵەکانی ئامادەباشی دەگۆڕێت‌و سیستەمێکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی دەستبەجێی 180 هه‌زار سەربازی یەدەگ ڕادەگەیەنێت، ئەمەش دوای هۆشدارییە توندەکانی سەرۆکی سوپا کە ڕایگەیاندبوو، کاتی پلاندانانی تیۆری کۆتاییهاتوەو دەبێت ئەوروپا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریی ئامادەبێت.


ژەنەراڵ مایکڵ هیڵدگارد سەرۆکی ئەرکانی بەرگریی دانیمارک، پلانێکی ستراتیژیی‌و کتوپڕی نوێی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانە سەربازییەکان خستەڕوو، به‌گوێره‌ى بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردوەتەوە، پلانەکە ئامادەکاریی دەکات بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نوێ کە ڕێگە بەدەزگاکانی بەرگری وڵاتەکە دەدات لەکاتی کتوپڕ یان هەڵگیرسانی جەنگدا، دەستبەجێ 180 هه‌زار سەربازی یەدەگ بانگهێشتی خزمەتی سەربازیی بکەنەوە.

ئەم هەنگاوە نوێیە لەچوارچێوەی ستراتیژییەکی فراواندایە کە لەلایەن وەزیری بەرگریی دانیمارک، ترۆلس لوند پۆڵسن پشتگیری دەکرێت، ئامانجی سەرەکی پلانەکە بریتییە لەزیادکردنی توانای مانۆڕی سوپاو قەرەبوکردنەوەی ئەو کەمییە توندەی کە لەهێزی مرۆیی‌و کارمەندانی دەزگا سەربازییەکانی وڵاتەکەدا هەیە.

به‌گوێره‌ى پلانەکە، هێزە یەدەگەکان بەسەر سێ خولی جیاوازی ئامادەباشیدا دابەشدەکرێن، تاوەکو پرۆسەی کۆکردنەوەو بڵاوەپێکردنیان لەبەرەکانی جەنگدا بەشێوازێکی ڕێکخراوو خێرا بەڕێوەبچێت.

سەرۆکی سوپای دانیمارک هۆشداری توند دەدات‌و ڕایدەگەیەنێت، وڵاتانی ئەوروپا دەرفەتێکی کەمیان لەبەردەستە (تا پێش ساڵی 2030) بۆ خۆئامادەکردن لەبەرامبەر ئەگەری هەڕەشە سەربازییەکانی ڕوسیا.

ئەو جەختدەکاتەوە، پێویستە هێزە چەکدارەکان لەقۆناغی "پلاندانانی تیۆری"یەوە بگۆڕدرێن بۆ "ئامادەباشی ڕاستەقینە" لەسەر زەوی، ئەمەش باشترکردنی هێڵەکانی دابینکردنی چەک، لۆجستی‌و هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ ستراتیژییە نوێیەکانی هاوپەیمانی ناتۆ دەگرێتەوە.