عێراق ڕوبەڕوی شەپۆلێکی گەرما دەبێتەوەو شارەزایەکیش مژدەی پایزێکی زوترو فێنکتر دەدات

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2218 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی گشتی کەشناسی‌و بومەلەرزەزانیی عێراق لەنوێترین ڕاگەیەندراویدا پێشبینییەکانی خۆی بۆ دۆخی کەشوهەوای چوار ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەدەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لەتەواوی پارێزگاکان دەکات، شاره‌زایه‌كى كه‌شناسیش مژده‌ى پایزێكى فێنك ده‌دات.


به‌گوێره‌ى بەیاننامەی فەرمی دەستەکە، کەشی ڕۆژانی داهاتوو بەمشێوەیە دەبێت، ڕۆژی دوشەممە ئاسمانی ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق نیوە هەور دەبێت، لەکاتێکدا ئاسمانی هەرێمی کوردستان‌و ناوچەکانی باشور ساماڵ دەبێت لەگەڵ دەرکەوتنی هەندێک پەڵەهەور.

باسى له‌وه‌شكردوه‌، بەشێوەیەکی گشتیی پله‌كانى گه‌رما ڕوو لەبەرزبونەوە دەکەن؛ بەرزترین پلە لەپارێزگاکانی (بەسرە، میسان‌و موسەنا) تۆماردەکرێت کە دەگاتە 43 پلەی سیلیزی، لەکاتێکدا پارێزگای سلێمانی بە31 پلە نزمترین پلەی گەرمای دەبێت.

بۆ ڕۆژانی سێشەممەو چوارشەممە ده‌سته‌كه‌ نوسیویه‌تى، کەشوهەوا بەسەقامگیریی دەمێنێتەوە لەگەڵ دەرکەوتنی هەندێک هەور، پلەکانی گەرما لەڕۆژی سێشەممەدا کەمێکی دیکە بەرزدەبنەوە، بەڵام لەڕۆژی چوارشەممەدا هاوشێوەو نزیک لەڕۆژی پێشوو جێگیردەبن.

لەلایەکی دیکەوە، ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی ئاشکرایکردوە، لەکاتێکدا وەرزی زستان‌و بەهاری ڕابردوو باران‌و بەفرێکی زۆر باریوەو بوەتە هۆی پڕبونی بەنداوەکان‌و نەمانی مەترسییەکانی وشکەساڵی، لەئێستادا دیاردەی گۆڕانی ئاووهەوا ناسراو بە"ئێڵ نینۆ" لەناوچەکانی ڕۆژهەڵات‌و ناوەڕاستی زەریای هێمن دوبارە پەرەدەسێنێتەوە.

ئەو شارەزایە پێشبینیدەکات، کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە بۆ هاوین‌و پایزی 2026 بەهێزتربێت‌و گۆڕانکاریی گەورە لەکەشوهەوای جیهاندا دروستبکات، سەبارەت بەلێکەوتەکانی لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و هەرێمی کوردستان، ئاراس جەبار ڕایگەیاندوە، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی زۆربونی ڕێژەی بارانبارین‌و زوو دەستپێکردنی وەرزی باران لەپایزدا، بەشێوەیەک کە مانگەکانی پایزی ئەمساڵ بارانبارینێکی بەرچاو لەسەروو ئاستی ئاسایی خۆیەوە تۆماردەکرێت‌و کەشەکەش فێنکتر لەساڵانی ڕابردوو دەبێت.