مێژویەک کە بەخوێنی کچانی کورد نوسرایەوە.. جیهان بۆ پشتیوانیی لەیەپەژە ڕادەپەڕێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ 31ی ئایار، هەڵمەتێکی فراوانی 10 ڕۆژە لەچوارپارچەی کوردستان‌و سەرتاسەری جیهان بۆ پشتیوانیی لەیەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دەستیپێکرد، ئەم کەمپینە تەنها یادکردنەوە نییە، بەڵکو بەرزڕاگرتنی ئەو هێزە ئەفسانەییەیە کە گەورەترین مۆتەکەی تیرۆری لەسەدەی 21دا تێکشکاند.


داستانی کۆبانێ (2014 ـ 2015): کاتێک جیهان چاوەڕێی کەوتنی شارەکە بوو، شەڕڤانانی یەپەژە بەفەرماندەیی مەحمود ڕەش‌و ئارین میرکان، شەڕی کۆڵان بەکۆڵانیان کرد، داستانی کۆبانێ بوە خاڵی وەرچەرخان‌و یەکەم شکستی گەورەی داعش لەسەر دەستی ئەم ژنانە تۆمارکرا.

ڕزگارکردنی پایتەختی خەلافەت (ڕەققە - 2017): یەپەژە وەک هێزێکی سەرەکی لەناوجەرگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەشداریکرد، فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە لەلایەن ژنە فەرماندەی یەپەژە (ڕۆژدا فەڵات)ەوە سەرکردایەتی دەکرا کە تێیدا کۆتاییان بەحوکمی ڕەشی داعش هێنا لەوشارەدا.

کۆتا مۆڵگەی داعش لەباغۆز (2019): لەکۆتا جەنگی جوگرافی دژی داعش لەدێرەزورو باغۆز، کچانی یەپەژە لەهێڵی پێشەوەی هێرشەکان بون‌و ئاڵای سەرکەوتنیان بەسەر دوایین مۆڵگەی تیرۆریستاندا شەکاندەوە.

تێکشکاندنی دەرونیی چەکدارانی داعش: یەپەژە تەنها لەڕوی سەربازییەوە سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا، بەڵکو لەڕوی دەرونییەوە داعشی داڕماند؛ چونکە چەکدارانی داعش لەو بڕوایەدابون ئەگەر لەسەر دەستی "ژن" بکوژرێن ناچنە بەهەشتەوە، ئەمەش وایکردبوو کە تەنها لەبیستنی دەنگی کچانی یەپەژە لەئامێره‌ تەلەکاندا بتۆقن.

ڕزگارکردنی ئێزدییەکان: لەکارەساتەکەی ساڵی 2014ی شنگالدا، شەڕڤانانی یەپەژە لەڕیزی پێشەوەی ئەو هێزانە بون کە ڕێڕەوێکی مرۆییان کردەوەو هەزاران ژن‌و منداڵی ئێزدییان لەچنگی داعش ڕزگارکرد.

گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵایەتی: یەپەژە توانیی تێڕوانینی باوی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بەتواناکانی ژن بگۆڕێت‌و ژنی لەپێگەی "قوربانی"یەوە کردە "پارێزەرو بڕیاردەر".

ئیلهامبەخشی جیهانیی: مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی‌و سیستەمی بەرگریی یەپەژە، بوەتە بابەتێکی سەرەکی لەتوێژینەوە ئەکادیمی‌و فێمینیستییەکانی جیهاندا وەک نمونەیەکی سەرکەوتوی ڕزگاریخوازی ژن.

ئەمڕۆ بەنوسین، ڤیدیۆو چالاکی مەدەنی، جیهان سڵاو بۆ ئەو هێزە دەنێرێت کە سەلماندیان ژن دەتوانێت ببێتە قەڵای بەرگریی لەکەرامەتی مرۆڤایەتی.

ئەمڕۆ 31ی ئایار، جیاواز لەساڵانی ڕابردوو، کەمپینێکی جیهانیی بەرفراوان بۆ پاڵپشتی لەیەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەچوارپارچەی کوردستان‌و ئەوروپا ڕاگەیەندرا، یەپەژە، وەک دەزگایەکی سەربازیی پێشەنگ کە لەلایەن ژنانی ڕۆژئاواوە بونیادنرا، تەنها هێزێکی بەرگری نییە، بەڵکو مێژونوسی تێکشکاندنی گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهانە (داعش)، لەم 10 ڕۆژەدا بەچالاکی مەدەنی‌و میدیایی، پێگەی مێژویی ئەم هێزە بەرزڕادەگیرێت.

بەپەلە