شارپرێس:
شارپرێس وردەکاریی‌و زانیاریی نوێ له‌باره‌ى ئەو هێزەی سوپای عێراق ئاشکرادەکات کە بەرەو سنوری گەرمەسێر جوڵەی پێکراوە؛ سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێت، "هێزه‌كه بۆ كۆنترۆڵكردنى دوو بیره نه‌وتى سنورى گه‌رمیان جوڵه‌یان كردوه‌و زۆربه‌شیان كوردن، پێشمه‌رگه‌ش به‌چه‌كى قورسه‌وه له‌وپه‌ڕى ئاماده‌باشیدایه".
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیه‌كى ئاگادار بۆ شارپرێس، "ئەو هێزەی سوپای عێراق لەناحیەی لەیلانی پارێزگای کەرکوکەوە جوڵەی پێکراوەو پێکهاتوە لەسریەی چواری فەوجی یەکی لیوای یەکی هێزی هاوبەش، کە ژمارەیان نزیکەی 200 سەربازەو زۆرینەی هەرە زۆری سەربازانی ناو هێزه‌كه‌ش کوردن".
سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس ئه‌وه‌شى وت، "هاوکات لەگەڵ جوڵەی ئەو هێزەدا، هێزێکی دیکەی سوپای عێراق لەنزیک بازگەی چەمی شۆر کۆبوەتەوە، به‌ڵام تائێستا هێزەکەی سوپای عێراق كه له له‌یلانه‌وه به‌ڕێكه‌وتوه نەگەیشتوەتە سنورەکەو لەجوڵەی بەردەوامدان‌و بەرەو ناوچەکە بەڕێوەن".
وه‌كو سه‌رچاوه‌كه وتى، "ئامانجی سەرەکیی ئەم هێزەی سوپای عێراق کۆنترۆڵکردنی هەردوو بیرە نەوتی کۆنی (قەمەرو چاڵاو خالیدە)یە کە دەکەونە نزیک ناوچەکانی (سەید نەدیم، دوانزە ئیمام‌و چاڵاو خالیدە) لەسنوری ناحیەی کوڵەجۆی سەر بەقەزای کفری لەئیدارەی گەرمیان".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، "لەبەرامبەر ئەم پێشهاتە سەربازییەدا، هێزەکانی پێشمەرگە لەتەواوی میحوەرەکەدا بەچەکی قورسەوە کەوتونەتە ئامادەباشیی تەواوەوە بۆ ڕێگری‌کردن لەپێشڕەویی ئەو هێزەو پاراستنی ناوچەکە".
