شارپرێس:
بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی شارپرێس، هێزێکی سوپای عێراق لەسنوری گەرمەسێر جوڵەی پێکراوە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتی (قەمەر)، لەبەرامبەریشدا هێزەکانی پێشمەرگە کەوتونەتە ئامادەباشیی تەواوەوەو هۆشداریی توندیانداوەتە سوپای عێراق کە سنوری نێوانیان نەبەزێننو بەهیچ شێوەیەک لەو بیرە نەوتە نزیکنەبنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بۆ شارپرێس ئاشکرایکرد، هێزێکی سوپای عێراق بەرەو سنوری (کفری ـ جەبارە) بەڕێکەوتون بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتی (قەمەر) کە دەکەوێتە نێوان هەردوو گوندی (مەدریو سەید عەلی خەڵەف).
بەوتەی سەرچاوەکەی شارپرێس، هێزەکانی پێشمەرگە پەیامێکی هۆشداریدەریان گەیاندوەتە هێزەکەی سوپای عێراقو ئاگاداریانکردونەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێنادەن لەو هێڵو سنورەی نێوانیان بپەڕنەوەو بێنە ئەمدیو.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای عێراق لەوەڵامی هێزەکانی پێشمەرگەدا ڕایانگەیاندوە کە فەرمانیان پێکراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتی قەمەر، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگەش بەڕاشکاوی جەختیانکردوەتەوە، بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەهیچ هێزێک نادرێت لەو بیرە نەوتە نزیک ببێتەوە".
سەرچاوەکەی شارپرێس هۆشدارییدا لەتەقینەوەی دۆخەکەو ڕایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی سوپای عێراق فەرمانی جوڵەپێکردنی هەیەو هێزەکانی پێشمەرگەش لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ڕێگریکردن لێیان، مەترسیو ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریی لەنێوان هەردولادا لەئارادایە".
