لەسێبەری بڕیارەکانی بەغدادا؛ کەناڵه‌كه‌ى زەیدیی هێرشێکی میدیایی چڕدەکاتەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3558 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ دەرچونی زنجیرە بڕیارەکانی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق دژی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لەدۆسیەی نەوت‌و دەروازە سنورییەکاندا، کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، هەڵمەتێکی میدیایی توندو چڕی دژی هەرێمی کوردستان‌و قەوارە دەستورییەکەی دەستپێکردوە.

 

ماوەی چه‌ند ڕۆژێكه‌ شاشەی کەناڵی دیجلە کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بوەتە سەکۆیەک بۆ ئاراستەکردنی هێرشی ناڕەواو گوتاری توند بەرامبەر هەرێمی کوردستان، به‌گوێره‌ى چاودێریی بەرنامەو ڕوماڵەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوی کەناڵەکە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو میوان‌و شیکەرەوانەی لەگەشتەکانی هەواڵ‌و بەرنامە سیاسییەکانی دیجلەدا بانگهێشتدەکرێن‌و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت، ئەو کەسایەتییانەن کە بەهەڵوێستە توندو دژبەرەکانیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان‌و مافە دەستورییەکانی گەلی کورد ناسراون.

ئەم هەڵمەتە میدیاییەی کەناڵی دیجلە ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکانی ڕۆژی سێشەممەی سەرۆک وەزیرانی عێراق چڕبوەتەوە کە وەک هەوڵێکی ڕێکخراو دەبینرێت بۆ دروستکردنی گوشاری دەرونی‌و میدیایی‌و پاساوهێنانەوە بۆ هەنگاوە تاکلایەنەکانی بەغدا دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

کەناڵی ئاسمانیی دیجلە (Dijlah TV) یەکێکە لەکەناڵە هەواڵییە عێراقییەکان‌و خاوەنی مێژویەکی پڕ لەمشتومڕە لەگۆڕەپانی میدیایی عێراقدا.

کەناڵەکە لەساڵی 2010 دامەزراوەو بنکەی سەرەکیی پەخش‌و بەڕێوەبردنی لەشاری عەممانی پایتەختی ئوردنە، لەگەڵ بونی نوسینگە لەبەغداو پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا خاوەندارێتی‌و بەڕێوەبردنی کەناڵەکە بەسیاسەتمەداران‌وسەرمایەدارانی عێراقی وەک (جەمال کەربولی‌) وەزیری پێشوتری بازرگانیی عێراق‌و زیا زەیدییەوە بەستراوەتەوەو هەمیشە وەک ئامرازێکی سیاسیی لەململانێکانی ناوخۆی عێراقدا بەکارهێنراوە،  دواتر عەلی زەیدی (بەڕێوەبەری جێبەجێکارو خاوەنی دواتر) کەناڵەکەی لەکەربولی کڕیەوەو خاوەندارێتییەکەی گواسترایەوە بۆ ئەو.

کەناڵی دیجلە چەندینجار بەهۆی سیاسەتی پەخش‌و بەرنامەکانییەوە ڕوبەڕوی کاردانەوەی توندو سزای کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن‌و گەیاندنی عێراق بوەتەوە؛ دیارترینیان لە31ى ئابی 2020 بوو کاتێک بەهۆی پەخشکردنی گۆرانی لەشەوی عاشورادا، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشکرایەسەر بارەگای سەرەکیی کەناڵەکە لەناوچەی جادرییەی بەغداو سوتێندرا، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنەکەشی دەرچوو.

لەکاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2017، کەناڵی دیجلە بەهۆی ڕوماڵ‌و گوتارە توندو نەرێنییەکانی دژی پرۆسەی ڕیفراندۆم‌و هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە بڕیاری قەدەغەکردنی کارکردن‌و داخستنی نوسینگەکەی درا.

کەناڵەکە بەبەرنامە سیاسییە گەرمەکانی ناسراوە کە زۆرجار مشتومڕی گەورە لەشەقامی عێراقیدا دروستدەکەن، دیارترینیان بریتین لەبەرنامە سیاسییەکانى وه‌ك (وجهة نظر) القرار لكم، بالمباشرو البصمه‌)، بەرنامە کۆمەڵایەتی‌و تەنزئامێزەکانیشى بریتین له‌(ناس و ناس، من الواقع‌و بەرنامەی کۆمیدیی سیاسیی بەناوبانگی عێراقی (ولايةبطیخ) کە لەم کەناڵەوە پەخشدەکرا.

پەخشی سەرەکیی کەناڵەکە بەزمانی عەرەبیەو هاوکات بەشێک لەناوەڕۆک‌و هەواڵەکانیشی بەزمانی ئینگلیزی لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی بڵاودەکاتەوە، لەڕوی بینەرەوە وەک یەکێک لەپڕبینەرترین کەناڵە هەواڵییەکانی ناوخۆی عێراق هەژماردەکرێت.