مەزڵوم عەبدی پەیامێکی توند بڵاودەکاتەوەو هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

کوردستان

50 خولەک پێش ئێستا‌ 6031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوو خۆکوژی داعش لەڕێگەی ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیانکردەسەر بنکەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەگەڕەکی (مشێرفە)ی شاری حەسەکەو بەهۆیەوە دوو کارمەندی ئاسایش شەهیدبون‌و پێنجی دیکەش برینداربون؛ لەکاردانەوەی هێرشەکەشدا، مەزڵوم عەبدی ڕاوێژکاری سەرۆکایه‌تى کۆماری سوریا بۆ کاروباری کورد جەختده‌كاته‌وه‌، "مەترسیی شانە نوستوەکانی داعش هێشتا ماوەو ئەم پەلامارانە لەڕاوەدونانیان‌و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە ساردمان ناکاتەوە".


مەزڵوم عەبدی فەرماندەی ڕاوێژکاری سەرۆکایه‌تى کۆماری سوریا بۆ کاروباری کورد لەپەیامێکدا سەرەخۆشی لەبنەماڵەی دوو شەهیدەکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ كردو لەشاری حەسەکەو جەختیكرده‌وه‌، مەترسیی شانە نوستوەکانی داعش هێشتا ماوەو ئەم هێرشانە لەپاراستنی ئاسایشی گەلەکەیان ساردیان ناکاتەوە.

لەپەیامێکدا کە لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر بارەگایەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەشاری حەسەکە بڵاویکردوەتەوە، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، "ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کە لەلایەن شانەیەکی گومانلێکراو بەپەیوەندیی لەگەڵ گروپى تیرۆریستى داعش کرایەسەر یەکێک لەبارەگاکانی ئاسایشی ناوخۆ لەشاری حەسەکە، ئەوە دەسەلمێنێت کە مەترسیی گروپه‌كه‌و شانە نوستوەکانی هێشتا لەئارادایەو هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی ئاسایش‌و سەقامگیریی ناوچەکەمان بەردەوامە".

عه‌بدى هاوخەمی‌و سەرەخۆشیی قوڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵەو هاوڕێیانی هەردوو شەهیدەکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کردو هیوای زوو چاکبونەوەشی بۆ بریندارەکانی هێرشەکە خواست.

لەکۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵوم عەبدی بەڵێنی بەردەوامبونی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانیداو جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئەم هێرشانە هیچ کاتێک لەبەردەوامبونی هەوڵەکانمان بۆ ڕاوەدونانی شانەکانی داعش‌و پاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی گەلەکەمان ساردمان ناکاتەوە".

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە دوو خۆکوژی داعش هێرشیانکردەسەر بنکەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەگەڕەکی (مشێرفە)ی شاری حەسەکە لەڕۆژئاوای کوردستان‌و بەهۆیەوە دوو کارمەندی ئاسایش شەهیدبون‌و پێنجى دیکەش برینداربون.

وردەکاریی ڕوداوەکەش بەمشێوەیە بوه‌، بەگوێرەی ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت به‌شارپرێس دراون، هێرشەکە لەلایەن دوو خۆکوژی سەر بەشانە نوستوەکانی داعشەوە ئەنجامدراوە؛ یەکێکیان بەماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراو هێرشیکردوەو ئەوی دیکەشیان لەبەردەم دەرگای بنکە ئەمنییەکەدا خۆی تەقاندوەتەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ مەروان عەلی فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە ئاشكرایكردوه‌،، لەئەنجامی تەقینەوەکاندا دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان شەهیدبون‌و پێنج کارمەندی دیکەش برینداربون.

باسى له‌وه‌شكردوه‌، دوای ڕوداوەکە، هێزەکانی ئاسایش گەمارۆی تەواوی ناوچەکەیان داوەو لێکۆڵینەوەو ئۆپەراسیۆنیان بۆ ڕاوەدونانی ئەندامانی دیکەی ئەو شانەیە دەستپێکردوە.