دەسەڵاتی تەواو دەدرێتە بافڵ تاڵەبانی؛ شارپرێس کۆبونەوەیەکی یەکێتی و پارتی ئاشکرادەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەسەڵاتی تەواوی داوە بەبافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە، بۆ هەر بریارێک لەبارەی بریارەکانی حکومەتی عیراق کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت.

‌سەرچاوەیەکی باڵا لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بۆ شارپرێس ئاشکرایکردوە،" سەرکردایەتی یەکێتی ڕێگەدەدات بەکۆبونەوەی یەکێتی لەگەڵ پارتی تەنها بۆ ئەم دۆسیەیە کە پەیوەستە بەکێشەکانی نێوان هەرێم وبەغدا ".

ئەو سەرچاوەیەیەی یەکێتی ڕونیکردەوە، هەر کۆبونەوەیەک لەگەڵ پارتی بکەن، هیچ پەیوەندنی بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە نابێت، چونکە یەکێتی پێیوایە ئەم پرسە لە هەموو بابەتێکی تر گرنگتر و چارەنوسسازترە.

ئەوەشیخستەڕوو،" یەکێتی ئامادەیە بۆ روبەڕوبونەوەی هەر دۆخێک کە بۆ هەرێم بێتە پێشەوە لەپێناو بەرگری لە مافە رەواکانی گەلی کورد و بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەکان و خەلکی کوردستام دەکات کە پێکەوە ببنە یەک دەنگ بۆ بەرگری لە مافە نەتەوەییەکان ".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە کاتژمێر 7:00ی ئەمشەوی چوارشەممە، کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامبدات و چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوانەی حزبەکە بە فەرمی رابگەیەنێت.