مەسعود بارزانی: هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی كوردستاندا بسەپێنێت

کوردستان

12 خولەک پێش ئێستا‌ 70 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

مەسعود بارزانی رایگەیاند، هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە بە بڕیاری نادەستووری و عەقڵیەتی نكۆڵیكار، ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی كوردستاندا بسەپێنێت.


بارەگای بارزانی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ڕۆژی چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق بە گشتی و هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتە تازەكانی نێو پەیوەندییەكانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی كرا ".

لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە،" مەسعود بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بڕیارە سەربازییەكەی دوێنێی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ جەختی لەوە كردەوە كە دەستور جۆری سەلاحیات و جۆری پەیوەندیی نێوان هەردولای دیاری كردوە و هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیار و بابەتێك ناكات كە لە دەرەوەی دەستووری عێراقی بێت ".

 بارزانی ئەوەشیخستەڕوو، كە هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەر ببن بەڵام هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە بە بڕیاری نادەستوری و عەقڵیەتی نكۆڵیكار، ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی كوردستاندا بسەپێنێت.

بەپێی راگەیەنراوەکە، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات و پشتیوانی لە هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و یەكگرتوو دەكات. هیواشی خواست كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم بە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەسەر ببن و بگەنە ئەنجامێكی باش.