كۆمەڵ و یەكگرتوو: نابێت مووچە و قووتی هاووڵاتیان بكرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان

کوردستان

21 خولەک پێش ئێستا‌ 61 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

 كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنن، دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە و بەپێی دەستور مافی هەموو لایەك دیاری كراوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان، قەوارەیەكی دەستوریی جێگیرە و هیچ لایەنێك نابێت لە دەرەوەی دەستور مامەڵە بكات و مافەكانی لایەنی تر پێشێل بكات.

كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لەڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن "ئێمە وەك هەردوو لایەن، پێشوازی لە ڕێكخستنی داهاتی سروشتی و سنورییەكان دەكەین، بەشێوەیەك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بێت، نەك لە بەرژەوەندیی حزب و گرووپ و كەسانی دەستڕۆیشتوو. داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان، موڵكی گەلە و دەبێت بە شەفافییەت و بە دادپەروەرییەوە خەرج بكرێت بۆ خزمەتی هاووڵاتیان".

دەشڵێن "دڵسۆزان زوو هەستیان بەم مەترسییانە كرد و هۆشدارییان دا، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان گوێیان بۆ دڵسۆزان نەگرت و بەردەوام بوون لە سیاسەتی تاكڕەوی و ناشەفافیەت. ئەمڕۆ لێكەوتەكانی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بەسەر هەمووماندا دەشكێتەوە".

كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی داوا دەكەن: حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی، بە گفتوگۆیەكی جددی و بەرپرسیارانە و لە چوارچێوەی دەستوردا، كێشەكان چارەسەر بكەن و مووچە و قووتی هاووڵاتیان نەكەنە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان. لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافەكانی هاووڵاتیان و سەروەریی یاسادا، لە هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەكانیان بەردەوام دەبن.