شارپرێس:
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە
لەعێراق دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک سۆندەی (بۆری) گواستنەوەی ئاشکراکرد کە بۆ پڕکردنی
تانکەرەکانو بەقاچاخبردنی نەوت لەکێڵگەی (سەفییە) لەباکوری ناحیەی ڕەبیعە بەکارهێنراون.
ئاژانسی هەواڵی
عێراقی (واع) لهزارى فەریق سەعد مەعن سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکانو پەیوەندیی
حکومی لەنوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشكرایكردوه، لیژنەی لێکۆڵینەوە،
18 سۆندەی لەکێڵگەی نەوتی سەفییە لەباکوری ڕەبیعە ئاشکراکردوە کە بۆ تێکردنی نەوت
لەبارهەڵگرەکانو بەقاچاخبردنی بەکارهێنراون.
هاوکات ئاژانسەکە
ئاماژەی بەوەشکردوە، ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی حکومەتی عێراق پەردەی لەسەر تۆڕو ڕێڕەوەکانی
بەقاچاخبردنی نەوت لەهەردوو پارێزگای کەرکوکو سلێمانییەوە بەرەو ئێرانو لەوێشەوە
بۆ ئەفغانستان هەڵماڵیوە، جگە لەئاشکراکردنی پرۆسەی دیکەی قاچاخچێتی لەڕێگەی ناوچەی
فیشخابورەوە بەرەو تورکیا.
ئاژانسی (واع)
بەشێک لەناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی بڵاوکردوەتەوەو ڕونیدهكاتهوه کە چاودێرییە هەواڵگرییەکان
دەریانخستوە، نەوت لەکەرکوکو سلێمانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو خاکی ئێران، لەوێش
سەرچاوەو ناسنامەی بەرهەمە نەوتییە ئێرانییەکان دەشاردرێنەوە و وەک بەرهەمی عێراقی
نیشاندەدرێن.
لەڕاپۆرتەکەدا
هاتوە، بازاڕی ئەفغانستان بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمە نەوتییانەی ئێران بەکاردەهێنرێت
کە لەگەڵ نەوتی عێراقیدا تێکەڵکراون؛ ئاماژە بەوەشکراوە، نەوتە قاچاخەکە سەرەتا بەشێوەیەکی
فەرمی لەکۆمپانیای نەوتی باکورەوە دەردەهێنرێت، پێشئەوەی بەشێکی بەشێوەیەکی نافەرمی
ڕەوانەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بکرێت.
ڕاپۆرتەکە ئهوهشى
باسكردوه، تانکەرەکانی نەوت بەو ڕێگایانەدا تێدەپەڕن کە بەدەروازەکانی باشماخو پەروێزخاندا
دەڕۆن تا دەگەنە ناوچە سنورییەکان، لەوێش نەوتە عێراقییەکە لەپاڵاوگەکانی ئێراندا
دەپاڵێورێتو تێکەڵ بەبەرهەمە نەوتییەکانی ئێران دەکرێت، پێشئەوەی بەرەو ئەفغانستان
بگوازرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە،
قۆناغی دوەمی قاچاخچێتییەکە بریتییە لەگواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بەناوشارەکانی
ڕۆژهەڵاتی ئێراندا بەرەو سنورەکانی ئەفغانستان، لەوێش لەکۆگا گەورەکاندا بەتاڵدەکرێن
پێشئەوەی لەڕێگەی بارهەڵگرو تۆڕەکانی دابەشکردنەوە بەسەر وێستگەکانی سوتەمەنیدا
دابەشبکرێن، جەختیشیکردوەتەوە، ئەو بڕە نەوتە قاچاخە هەناردەی هیچ وڵاتێکی دیکە
ناکرێتەوە، بەڵکو بەهۆی زۆریی خواست لەسەر سوتەمەنی، لەناوخۆی ئەفغانستاندا بەکاردەهێنرێت.
لەکۆتاییشدا ڕاپۆرتە
هەواڵگرییەکە تیشکیخستوەتەسەر بونی پرۆسەی دیکەی بەقاچاخبردنی نەوت بەرەو تورکیا لەڕێگەی
ناوچەی فیشخابورەوە، کە پێگەی کۆمپانیای DNOی نەرویژیی لێیە.
