شارپرێس:
دوای دروستبونی گرژییەکی توندی سەربازییو ئهمنیىو کەوتنەئامادەباشیی هێزەکانی پێشمەرگە بەچەکی قورسەوە، بەفەرمانێکی بەپەلەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو نەوتی عێراق، ئەو هێزەی بەرەو بیرە نەوتییەکانی سنوری گەرمیان جوڵەی پێکرابوو، ڕاگیراو پاشەکشەی پێکرا بۆ سەربازگەیەک لەنێوان کەرکوکو خورماتوو؛ هاوکات جوڵەکەشیان دواخرا بۆ دوای کۆبونەوەکەی هەفتەی داهاتوی نێوان هەولێرو بەغدا.
بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی شارپرێس، ئەو هێزەی لەکەرکوکەوە بەرەو سنوری ئیدارەی گەرمیان بەڕێکەوتبوو کە هێزێکی سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقو پۆلیسی پاراستنی بیرو بۆرییە نەوتییەکانە، پێش گەیشتنی بەسنورەکەو بەفەرمانی ڕاستەوخۆو بەپەلەی وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی نەوتی عێراق، پێشڕەوییەکانی وەستێندراو گەڕێندرایەوە بۆ سەربازگەیەک لەنێوان کەرکوکو قەزای خورماتوو.
سەرچاوەیهكى ئاگادار بهشارپرێس-ى ڕاگهیاند، بڕیاری کشانەوەو دواخستنی ئەو هێزە پەیوەندیی بەو کۆبونەوە گرنگەوە هەیە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەبەشداریی نوێنەرانی کورد لەشاری بەغدا بەڕێوەبچێت، بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی کێشەو ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی نێوان حکومەتی فیدراڵو هەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی نەوتو دەروازە سنورییەکان.
ئەم پاشەکشەیە دوای ئەوەهات کە هێزێکی نزیکەی 200 كهسیى لەناحیەی لەیلانی پارێزگای کەرکوکەوە (کە بەشی هەرە زۆریان کورد بون) لەگەڵ کۆبونەوەی هێزێکی دیکە لەنزیک بازگەی چەمی شۆر، بەرەو سنوری (کفری ـ جەبارە) بەڕێکەوتبون، بەئامانجی کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتییە کۆنەکانی (قەمەرو چاڵاو خالیدە) کە دەکەونە نزیک ناوچەی سەید نەدیمو دوانزە ئیمام لەسنوری ناحیەی کوڵەجۆی قەزای کفری.
لەبەرامبەر ئەو جوڵەیەدا، هێزەکانی پێشمەرگە بەچەکی قورسەوە کەوتبونە ئامادەباشیی تەواوو هۆشداریی توندیان دابوە هێزە عێراقییەکە کە بەهیچ شێوەیەک سنوری نێوانیان نەبەزێننو لەو بیرە نەوتییانە نزیک نەبنەوە، ئەمەش مەترسیی ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریی لێکەوتبوەوە پێشئەوەی بەغدا بەفەرمانی پاشەکشە، دۆخەکە هێوربکاتەوە.
