شارپرێس:
بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکراکردنی بڕێک پارەی ساختەی (دیناری عێراقیو دراوی بیانی) لەبازاڕەکاندا ڕاگەیاند کە بەبیانوی یاریی منداڵان ساغدەکرێنەوە، هاوکات هۆشداریدەدات کە هەر کەسێک مامەڵەیان پێوەبکات، ڕوبەڕوی لێپرسینەوەو سزای یاسایی دەبێتەوە.
لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بانکی ناوەندیی عێراق ڕونیکردوەتەوە، لەناو کەرتی داراییدا چەندینجۆر دراوی ساختەیان بەدیکردوە کە لەڕوی قەبارەو شێوەی گشتییەوە بەتەواوی لەپارەی ڕاستەقینە دەچن؛ بەڵام لەیەکێک لەگۆشەکانی دراوەکەدا بەپیتی زۆر بچوکو ڕەنگێکی کاڵ وشەکانی (باگل)، (Copy) یان (Fake) نوسراوە.
بانکەکە جەختیکردوەتەوە، هەوڵی هەندێک لایەن بۆ نیشاندانی ئەم پارانە وەک یاریی منداڵان، تەنها فێڵو قۆڵبڕینە بۆ هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتیانو بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی لەڕێگەی سودوەرگرتن لەلێکچونیان لەگەڵ پارەی ڕەسەندا.
بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداریی توندیداوە کە مامەڵەکردن، بڵاوکردنەوە یان بانگەشەکردن بۆ ئەم پارە ساختانە بەهەر شێوەیەک بێت، بەتاوانی ساختەکارییو فێڵکردن هەژماردەکرێتو بهگوێرهى مادەکانی (49/أ، 55و 56/بڕگەی 4) لەیاسای بانکی ناوەندیی عێراق ژمارە (56)ی ساڵی 2004 سزای یاسایی دەدرێت؛ بۆیە داوا لەهاوڵاتیانو کاسبکاران دەکات ئەوپەڕی وریایی بنوێننو بەتەواوی خۆیان لەمامەڵەکردن بەو پارانەوە بپارێزن تا توشی لێپرسینەوەی یاسایی نەبن.
