شارپرێس:
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەریەکە لەپارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەییان نیشانداوە، بۆ بەشداریکردن لەکۆبونەوەکەی بەغدا، جەختیشیکردەوە، لایەنە فەرمییەکانی هەرێم وەڵامی یاسایی خۆیان بۆ لێکدانەوەکەی دادگای باڵای فیدراڵی ئامادە دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تیشکیخستەسەر، دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیو خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی ئەمڕۆی شاری هەولێر.
سەبارەت بەهەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکانی ئەمدواییە لەگەڵ بەغدا، مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد، "بانگهێشتنامە ئاراستەی هەمولایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، بۆیە هەم ئێمە (پارتی)و هەم یەکێتیش ئامادەیی خۆمان پیشانداوە کە بەشداریی ئەم کۆبونەوەیە بین".
هیواشیخواست کۆبونەوەکە بگاتە ئەنجامێکی باش کە لەبەرژەوەندیی هەموو وڵاتدابێتو لەسەر بنەمای دەستور داکۆکی لەمافەکانی گەلی کوردستان بکەن.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەهەڵوێستی هەولێر بەرامبەر بڕیارە تەفسیرییەکەی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، "ئەوە بۆ لایەنی فەرمی بەجێدەهێڵین کە لەڕوی یاساییەوە وەڵامی خۆیان ئامادەبکەن، بێگومان وەڵامی یاسایی هەیە بەرامبەر بەو شیکردنەوەو لێکدانەوەیەی کە ئەنجامدراوە".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاسی سەرجەم هاوڵاتیانو بەتایبەت گەنجان، بەتەمەنەکانو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی کرد کە ئەمڕۆ لەخۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی هەولێردا بەشداربون، وتی، "چارەنوسی هەمومان بەیەکەوە بەستراوەتەوە؛ ئەم خۆپیشاندانە پەیامێکی ڕونبوو بۆ هەموو جیهانو حکومەتی فیدراڵیش کە گەنجانو خەڵکی ئێمە بەشێوەیەکی ئاشتییانە داوای ئاشتیی، ئاوەدانی، پێکەوەژیانو دابینکردنی مافە دەستورییەکانی خۆیان دەکەنو یەکگرتون لەڕوبەڕوبونەوەی هەر شتێکی نەخوازراو کە دژی مافە دەستورییەکانی گەلو خاکەکەمان بێت".
لەکۆتاییشدا، مەسرور بارزانی سوپاسی هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی سەرجەم حزبو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی کردو داوای لێکردن بەردەوامبن لەیەکڕیزییو هاوهەڵوێستی لەسەر بنەمای پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان.
