فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران: سوپرایزی چاوەڕواننەکراومان هه‌یه‌

جیهان

36 خولەک پێش ئێستا‌ 2111 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، بەبۆنەی هەفتەی بەسیجەوە پەیامێکی توندی ئاراستەی دوژمنان کردو هۆشداریدا کە هەرجۆرە دەستدرێژییەک بۆسەر سەروەریی خاک‌و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕوبەڕوی وەڵامێکی دەستبەجێ، گورچکبڕو سوپرایزی چاوەڕواننەکراوی هێزە سەربازیی‌و جەماوەرییەکانی وڵاتەکەی دەبێتەوە.


لەپەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران جەختیکردوەتەوە، بەدیهێنانی ئامانجی (ئێرانێکی بەهێزتر)و هەنگاونان بەرەو پێشکەوتن‌و هەژمونی نیشتمانی، پێویستی بەسودوەرگرتنە لەتوانا جەماوەرییەکان‌و ڕۆحیەتی بەسیج.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانی بەسیج لەدوای تێپەڕاندنی شەڕی هەشت ساڵەو بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکانی چەند دەیەی ڕابردوو، لەڕوبەڕوبونەوەی جەنگی سەپێنراوی ئەمریکی-ئیسرائیلى‌و هاوپەیمانە ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەکانیدا شانبەشانی هێزە چەکدارەکان وەستاونەتەوەو وەک قۆڵی بەهێزی سیستم بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی دەمێننەوە.

لەکۆتایی پەیامەکەیدا، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ڕایگەیاندوە، لەم دۆخە مێژوییە هەستیارەدا، هۆشداریدەدەنە دوژمنان کە هەر دەستدرێژییەک بۆسەر خاکی ئێران، بەوەڵامێکی خێراو تێکشکێنەر لەلایەن هێزە سەربازییەکان‌و جەماوەرەوە وەڵامدەدرێتەوە.

بەپەلە