شارپرێس:
بارودۆخی ئەمنی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئاوەکانی کەنداو بەرەو قۆناغێکی یەکجار مەترسیدار هەنگاو دەنێت، فەرماندەیی سوپاى پاسداران بەفەرمی ڕایگەیاندوە، هێرشێکی موشەکیو درۆنیی بەرفراوانیان کردوەتەسەر بنکەیەکی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا.
بهگوێرهى بەیاننامەیهكى پاسداران، ئەم هێرشە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆو خێرا بۆ هێرشێکی سوپای ئەمریکا کە پێشتر کرابوە سەر تاوەرێکی پەیوەندییەکان لەدورگەی "سیریک"ی سەر بەپارێزگای هورموزگان لەباشوری ئێران.
ئهوهش هاتوه، "فڕۆکەو موشەکەکانمان توانیویانە ئەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکا کە هێرشەکەی لێوە ئەنجامدرابوو، بەتەواوی بپێکنو ئامانجەکانیان لەناو ببەن، هۆشداریشدهدهین ئەگەر هێرشی دیكهمان بکرێتهسهر، پەرچەکرداری داهاتومان زۆر جیاوازو توندتر دەبێت".
لەلایەکی دیكهوه فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندوە، هێزەکانیان لەناوچەکانی "غورۆک"و "قیشم" لەناوخۆی ئێراندا، هێرشی بەرگرییانکردوەتەسەر چەندین سیستمی ڕادارو بنکەی سەرەکیی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن).
ئەمریکا دەڵێت، ئەم هێرشانە بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریاییو کەشتییە بازرگانییەکان بوە.
ئەم پێکدادانە ڕاستەوخۆیە لەناوچەکەدا، کێشەی ئەمنیی گەورەی بۆ وڵاتانی دیكهى ناوچەکەش دروستکردوەو لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، دەنگی زەنگی مەترسی لەکوهیت بیستراوەو سوپای ئهو وڵاته بەفەرمی ڕایگەیاندوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی چەندین موشەکو درۆنی نەناسراو لەئاسمانی وڵاتەکەدا تێکبشکێنێتو بەرپەرچیان بداتەوە.
