شارپرێس:
کۆماری ئیسلامی ئێران بەخێراییەکی چاوەڕواننەکراوو لەماوەیەکی پێوانەییدا،
دەستیکردوە بەدوبارە بونیادنانەوەو چاککردنەوەی ئەو بنکە سەربازییو تونێلانهى پێشتر
لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە کرابونە ئامانجو زیانی توندیان
پێگەیشتبوو.
نوێترین وێنەی مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانو
ناوەندەکانی شیکاریی ستراتیژییەوە بڵاوکراونەتەوە، ڕاستییو قەبارەی ئەوکارە خێرایەی
تاران ئاشکرادەکەن.
نۆژەنکردنەوەی 50 دەروازە لە 18 بنکەی جیاوازدا
بەڵگەنامەو وێنە نوێیەکان دەریانخستوە کە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە زیاتر
لە 50 دەروازەی سەرەکی ئەشکەوتو تونێلى گرتوەتەوە کە دابەشبون بەسەر 18 بنکەی سەربازییو
ستراتیژیی جیاواز لەناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا، تاران بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزو
ئامادەکاریی بۆ هەر ئەگەرێکی دیكه، بەخێراییەکی زۆر پاشماوەی بۆردومانەکانی لاداوە.
بەکارهێنانی ئامێری سادە بەرامبەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو
یەکێک لەخاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ڕاپۆرتە ئەوەیە کە ئەندازیارانی سەربازیی
ئێران پێویستیان بەتەکنەلۆژیایەکی زۆر ئاڵۆز نەبوە بۆ دوبارە هێنانەوەی بنکەکان بۆسەر
هێڵ، ئەوان تەنها لەڕێگەی بەکارهێنانی ئامێری قورسی باوی بیناسازییەوە (وەک شۆفڵ،
کۆمپرێسەرو تراکتۆر) توانیویانە ڕێڕەوە داخراوەکان پاکبکەنەوە، کۆنکرێتە ڕوخاوەکان
لابدەنو دەروازە زیانپێکەوتوەکان دوبارە بۆ بەکارهێنان ئامادەبکەنەوە.
بۆچی جبەخانە موشەکییەکە زیانی پێنەگەیشت؟
شارەزایانی سەربازییو ئەمنیی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەدەکەن، هۆکاری سەرەکیی
سەرکەوتنی ئێران لەم هەنگاوەدا بۆ شێوازی ئەندازیاریی بنکەکان دەگەڕێتەوە، کۆگا سەرەکییەکانی
موشەکو جبەخانە ستراتیژییەکان لەقووڵاییەکی زۆر لەژێر زەویو لەناو جەرگەی چیا سەرکەشەکاندا
دروستکراون.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل تەنها توانیویانە دەروازەو ڕێڕەوەکانی
چونەژورەوە تێکبشکێنن یان دایبخەن، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە قووڵایی کۆگاکان، بەمەش
جبەخانەی موشەکیی ئێران بەتەواوی ساغو بێ زیان ماوەتەوەو تەنها پێویستی بەکردنەوەی
دەروازەکان بوە بۆ ئەوەی دوبارە توانای هاویشتنیان هەبێت.
دەرەنجامە سیاسییو سەربازییەکان
ئەم پێشهاتە نوێیە لەڕوی سەربازییەوە وەک ئاماژەیەک سەیر دەکرێت بۆ
سنورداریی ستراتیژیی بۆردومانی قورس، بەو مانایەی کە هێرشی ئاسمانی بەتەنها ناتوانێت
ژێرخانی سەربازیی وڵاتێک کە لەقووڵایی زەویدا جێگیرکراوە بەتەواوی لەناوببات، ئەم
کارەی ئێران نیشانیدەدات کە توانای بەرپەرچدانەوەو هێرشکردنی موشەکیی تاران هێشتا
وەک خۆی ماوەتەوەو دەتوانێت لەکورتترین ماوەدا خۆی ڕێکبخاتەوە.