پێنج گروپ چەکدادەنێن‌و نامە ئێرانییەکانیش پڕن له‌گلەیی پەیمانشکێنی

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1675 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی عێراق دەستیکردوە بەجێبەجێکردنی یەکەم قۆناغی پلانی كۆكردنه‌وه‌ى چەک لەدەستی دەوڵەتدا، ئەم هەنگاوە دوای ڕاگەیاندنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی چەک لەچەند گروپێکی چەکداری دیار دێت، پرۆسەکە لەنێوان گوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکاو ئامادەکارییەکان بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکومەت بەڕێوەدەچێت.


زانیارییە سیاسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، سەرایای سەلام-ی سەر بەڕەوتی نیشتمانى شیعه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تى موقته‌دا سەدر، دەستی بەڕێکارەکانی ڕادەستکردنی چەکەکانی کردوە، چاوەڕواندەکرێت پێنج گروپی دیکەش بچنەسەر هەمان ڕێڕەو ئه‌وانیش (عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕێکخراوی بەدر، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، بزوتنەوەی ساروڵڵای ئیسلامی‌و کەتائیبی ئیمام عەلی)ن.

لەلایەکی دیکەوە، نیشانەکانی ناڕەزایەتی لەناوخۆی بەرەی نزیک لەئێران دەرکەوتون، دەنگۆیەک هەیە لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی چەند نامەیەک کە ڕەخنە لەو گروپانە دەگرن کە چەکەکانیان ڕادەستدەکەن؛ ئەم هەنگاوە له‌لایه‌ن ئێرانیه‌كانه‌وه‌، بەپەیمانشکێنی یان پاشەکشە لەبەڵێنەکانی ڕابردوو دادەنێن.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، میکانیزمێکی حکومی بۆ وەرگرتنی چەکی گروپە چەکدارەکان ئاشکراکرد، ئەو جەختیکردوه‌ته‌وه‌، حکومەت هەنگاوی کرداری ناوە بۆ کۆتاییهێنان بەفرەیى گروپه‌ چه‌كداره‌كان‌و فره‌یى هێزی سەربازیی لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، ئەم جوڵەیەش دوای گوشارەکانی ئەمریکا دێت کە تەواوکردنی کابینەی وەزاریی‌و پێدانی پۆستی بەچەند هێزێکی سیاسیی بەستبوەوە بەبەدەستهێنانی پێشکەوتنی بەرچاو لەدۆسیەی چەکدا.

چەند لایەنێکی سیاسیی عێراقى پێیانوایە، بەشێک لەو گروپانە بۆ دورکەوتنەوە لەگوشاری سیاسیی‌و نێودەوڵەتی‌و بۆ گەرەنتی مانەوەیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئەم ڕێڕەوەیان هەڵبژاردوە، بەپێچەوانەی ئەوانەوە، کەتائیبی حزبوڵڵا بەردەوامە لەڕەتکردنەوەی دەستبەرداربونی چەکەکانی‌و جەخت لەسەر بژاردەی بەرگریی دەکاتەوە.

لێدوانی سەرکردەکانی کەتائیبى حزبوڵڵا مشتومڕێکی زۆری نێوده‌وڵه‌تى به‌دواى خۆیدا هێناوه‌، دوای ئەوەی ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی سەرژمێری چەکەکان یان کڕینەوەی هەندێک چەک‌و ئامێری سەربازیی کە ڕادەستی دەوڵەت دەکرێن، چاودێرانیش ئەم هەڵوێستە بەبەڵگەی بەردەوامیی ناڕونی‌و جیاوازیی نێوان گروپەکان لەسەر داهاتوی چەک دەبینن.

هاوشانی جوڵەکانی حکومەت، زانیاریی پشتڕاستنەکراوە لەسەر چەند نامەیەک بڵاوبوەتەوە کە دراونەتە پاڵ لایەنە نزیکەکانی ئێران‌و ڕەخنە لەو گروپانە گیراوه‌ کە چەکەکانیان ڕادەستکردوە یان ئاماده‌ن ڕاده‌ستى بكه‌ن، ئەم گێڕانەوانە باسی ئەوەدەکەن، ئێرانیه‌كان دەستبەرداربون لەچەک بەپاشەکشەکردن لەو لێکتێگەیشتنانە دادەنێن کە لەساڵانی ڕابردودا گروپە چەکدارەکانی لەسەر دامەزراوە؛ بەڵام تاران هیچ هەڵوێستێکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕاستیی ئەو نامانە دەرنەبڕیوە.

چاودێران پێیانوایە، ئەم مشتومڕە گوزارشت لەقەبارەی ئەو گۆڕانکارییانە دەکات کە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بەخۆییەوە دەبینێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ دوبارە داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەت‌و گروپە چەکدارەکان.

هاوتەریب لەگەڵ دۆسیەی ئەمنی، حکومەت ڕێکارەکانی لەدۆسیەکانی گەندەڵیدا چڕترکردوەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای سەروەری بۆ دەستپاکی، چاودێریی‌و گێڕانەوەی ماڵی گشتیی ڕاگەیاندوه‌.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا، چەند بەرپرسێکی دیار بەهۆی دۆسیەکانی پەیوەندیدار بەکەرتی نەوتەوە دەستبەسەرکران، هاوکات دزەپێکردنە سیاسییەکان باسی گوشاری ناوخۆیی‌و دەرەکی دەکەن بۆ بەردەوامبونی ڕاوەدونانی تۆڕەکانی گەندەڵی‌و قاچاخچێتیی سامانەکان، كه‌ وه‌كو ده‌وترێت به‌شێك له‌م گروپه‌ چه‌كدارانه‌ى ئێستا بونیان هه‌یه‌ پاڵپشتى له‌و تۆڕانه‌ ده‌كه‌ن‌و پارێزگارییان لێده‌كه‌ن.

شیکەرەوان پێیانوایە، حکومەت دەیەوێت ڕێڕەوی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی‌و قۆرخکردنی چەک پێکەوە ببەستێتەوە، چونکە ئەم دوو بابەتە بەتاقیکردنەوەی سەرەکی دادەنرێن بۆ توانای حکومەت لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لەقۆناغی داهاتودا.

دۆسیەی داماڵینی چەک بەیەکێک لەهەستیارترین دۆسیەکان لەعێراقدا دادەنرێت، بەهۆی تێکەڵبونی لەگەڵ هاوسەنگیی هێزە سیاسییەکان‌و هەژمونی ناوچەیی. لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەمین هەنگاوەکانیشدا، سەرکەوتنی ئەم پلانە بەندە بەتوانای حکومەت لەگۆڕینی بەڵێنەکان بۆ ڕێکاری هەمیشەیی، لەکاتێکدا هەندێک لەگروپەکان بەردەوامن لەڕەتکردنەوەی هەر ڕێککەوتنێک کە سنورێک بۆ هەژمونی سەربازیی‌و سیاسییان دابنێت.

بەپەلە