شارپرێس:
محەمەد باقر ساعدی سەرکردەی دیاری کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، لەبەردەم دادگای فیدراڵی مانهاتن لەئەمریکا، ڕەتیکردەوە هیچ تاوانێکی ئەنجامدابێتو پێداگریی لەسەر بێتاوانی خۆی کرد بەرامبەر بەو تۆمەتە تیرۆریستییانەی ئاراستەی کراون.
لەدانیشتنێکی ئاشکرای دادگادا، (ئەندرۆ دالاک) پارێزەری تۆمەتبارەکە بەنوێنەرایەتی بریکارەکەی تێهەڵچونەوەی دژی هەشت تۆمەتی جیاواز پێشکەشکرد کە گرنگترینیان پلانداڕشتن بۆ گەیاندنی کۆمەکی مادی بەکەتایبی حزبوڵڵاو سوپای پاسدارانی ئێرانە.
ساعدی (تەمەن 32 ساڵ) لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە هاواریکرد، "من تاوانبار نیم، ئێمە لەدۆخی شەڕداین"و بەدەست ئاماژەی بۆ دادوەر کۆلین ماکماهۆنو داواکارانی گشتیی کرد، هاوكات ناوبراو بەجلی بەندینخانەو بەقاچی بەستراوەوە لەدادگا ئامادەبوو، دوای بەرزکردنەوەی دەنگی، لەلایەن دادوەرەکەوە فەرمانی پێکرا دەستبەجێ دابنیشێت.
واشنتۆن ساعدی تۆمەتباردەکات بەنەخشەڕێژکردنی نزیکەی 20 هێرشو هەوڵی هێرشکردن لەئەمریکا، کەنەداو ئەوروپا، لەوانەش بەئامانجگرتنی ناوەندو کەنیسەکانی جولەکەکان.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا مانگی ڕابردوو ڕایانگەیاند، ناوبراو لەتورکیا دەستگیرکراوە، لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێودەوڵەتی بەسەرپەرشتی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)و پاشان ڕەوانەی خاکی ئەمریکا کراوە.
ئهمهش لهكاتێكدایه، کەتایبی حزبوڵڵای عێراق پێشتر لەبەیاننامەیەکدا هەر جۆرە سەرپەرشتی یان پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی لەگەڵ محەمەد باقر ساعدی ڕەتکردوەتەوە.
بهگوێرهى بەڵگەنامەکانی دادگا، ساعدی تۆمەتبارە بەداڕشتنی لانی کەم 18 بۆ 20 هێرشی چەکدارییو تیرۆریستی لەسێ کیشوەری جیاوازدا (ئەمریکای باکور، ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست).
ههروهها تۆمەتبارکراوە بەڕێکخستنی هێرشی چەقۆوەشاندن لەلەندەن کە تێیدا دوو کەس برینداربون، لهگهڵ سوتاندنی کەنیسەیەکی جولەکەکان لەمەقدۆنیای باکورو تەقاندنەوەی بۆمبێک لەبانکێکی نێودەوڵەتی لەئەمستەردام، دۆسیەکەش ئاشکرایدەکات، ساعدی نەخشەو وێنەی سێ هێمای دیاری جولەکەکانی بەبریکارێکی نهێنی (FBI)داوە کە بریتیبون لەکەنیسەیەکی گەورە لەنیویۆرکو دوو ناوەندی ئایینی لەلۆس ئەنجلوسو ویلایەتی ئەریزۆنا.
ناوبراو ڕێککەوتوە کە بڕی 10 ههزار دۆلار بدات بەبریکارە نهێنییەکە بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەکەی نیویۆرک، بەمەرجێک هێرشەکە بەڤیدیۆ تۆماربکرێت بۆ بەکارهێنانی وەک پڕوپاگەندە.
لێکۆڵەرانی ئەمریکی دەڵێن، ساعدی پێشتر پەیوەندییەکی زۆر نزیکو "کارا"ی لەگەڵ فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی ئێرانی (قاسم سولەیمانی)و ئەبو مەهدی موهەندیس هەبوە پێش کوژرانیان لەساڵی 2020، داواکاری گشتیی ئەمریکا ڕایگەیاندوە، دەستیان بەسەر چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی تۆمارکراودا گرتوە لەنێوان ساعدیو سیخوڕەکانی ئەمریکادا کە تێیدا دانی بەوەداناوە، خۆی یان هاوڕێکانی بەرپرسن لەهێرشەکانی ئەوروپاو کەنەدا.
زانیارییه میدیاییهكان باس لهوهدهكهن، ساعدی لەئێستادا لەژێر چاودێرییەکی توندو لەژوری تاکەکەسی لەزیندانێکی برۆکلین لەنیویۆرک ڕاگیراوە، ئەندرۆ دالاک پارێزەرەکەی ناڕەزایەتی دەربڕیوەو ڕایگەیاندوە، هێشتنەوەی موهکیلەکەی لەژێر ئەم دۆخە سەختەدا، پێشێلکارییە.
بەرگرییکارانی ساعدی داوادەکەن، پرۆسەی دادگاییکردنەکە پێشبخرێت، لەکاتێکدا داواکاری گشتیی دەیەوێت سەرەتای ساڵی داهاتوو دەست بەدادگاییکردنی فەرمی بکرێت، بڕیاریشە دادگا لەمانگی ئەیلولی داهاتودا جارێکی دیکە کۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی بەڵگەنامەکان.
