ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرویەكی نوێ دەكات

ئابوری

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئیسرائیل و ئەمریکا کردو ڕایگەیاند، ئەگەر جەنگ دەستپێبكاتەوە، نەك تەنها گەروی هورمز، بەڵكو هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروی بابولمەندەب بەتەواوی ڕادەگرن.


ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لەپەیامێکی نوێدا هۆشداریی دایە ئیسرائیل و ئەمریکاو ڕایگەیاند، بەرەی بەرگری (مقاوەمە) ئامادەکاری بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان لەناوچەکەدا دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل لەلوبنان و غەززە بەپشتیوانیی ئەمریکا دەکرێن، ئەمەش وای کردوە بەرەی بەرگری بڕیاری پەرەپێدانی پشتیوانییەکانی بۆ هەردوو بەرەکە بدات و کار بۆ چالاککردنی بەرەی نوێی جەنگ بکات.

فەرماندەی فەیلەقی قودس هەڕەشەی داخستنی گەروی بابولمەندەبی کردو ڕونیشی کردەوە، دۆخی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروی بابولمەندەب هاوتاو هاوشێوەی گەروی هورمز دەکرێت.

قائانی هۆشداریی دایە ئیسرائیل و ئەوەشی خستەڕو، کردنی تاوان لەیەک کاتدا لەباشوری لوبنان و غەززە، ئیسرائیل دەخاتە ناو گەردەلولی هێرشەکانی حزبوڵڵاو جارێکی دیکە ڕوبەڕوی زریانی گەنجانی فەلەستینی دەبێتەوە.

هاوكات، هەر ئەمڕۆ، حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران، بەئاژانسی هەواڵی فارس ڕایگەیاندوە، ئەگەر دوژمن بگەڕێتەوە بۆ مەیدانی سەربازی، جۆری ئۆپەراسیۆنەکە، جوگرافیای جەنگەکەو تەنانەت جۆری ئەو چەکانەش کە بەکاردەهێنرێن جیاواز دەبن و سوپای پاسدارانیش ئامادەکاری تەواوی بۆ هەموو سیناریۆیەک هەیە.

گەروی بابولمەندەب یەکێکە لەرێڕەوە ئاوییە گرنگەکانی جیهان و دەکەوێتە نێوان یەمەن و قۆچی ئەفریقا، ساڵانە نزیکەی 15%ـی بازرگانی دەریایی جیهان بەو گەروەدا تێدەپەڕێت. 

بەپەلە