شارپرێس:
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو چەندین پەیجی ناوخۆییو هەرێمی، دەنگۆیەکی بەربڵاویان لەسەر ڕوداوێکی ئەمنیی تایبەت بەسوریا بڵاوکردەوە، دەنگۆکە باس لەوە دەکات، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای دێرەزور توشی هەوڵێکی تیرۆرکردنی سەرنەکەوتوو بوەتەوە، بەڵام بهگوێرهی بەدواداچونە مەیدانیو میدیاییە فەرمییەکان، دەرکەوتوە کە ئەم هەواڵە دورە لەڕاستییەوە.
چی ڕویداوە؟ سەرچاوەی دەنگۆکە
سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ دێرەزور دوای ئەوەهات، بەهۆی لافاوو سەرڕێژبونی ڕوباری فوراتەوە زیانێکی زۆر بەناوچەکە گەیشت، ئەو ههژمارانهی هەواڵەکەیان بڵاوکردوەتەوە، پشتیان بەگرتەیەکی ڤیدیۆیی بەستوە کە تێیدا کەسێک نیشاندەدات دەیەوێت لەکاتی تێپەڕبونی كاروانی ئۆتۆمبێلهكانی شهرعدا، لێیان نزیک ببێتەوە.
دوای ئەم جوڵەیە، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ کەسەکەیان بەپەلە دورخستوەتەوەو ڕێڕەوی کاروانەکە بەئاسایی بەردەوام بوە، هەندێک لاپەڕەی نافەرمی لهتۆڕه كۆمهڵایهتیهكان ئەم دیمەنەیان وا وێنا كردوه، گوایە هێزە ئەمنییەکان هۆتێلی بادیه شام-یان لەشارەکەدا گەمارۆداوە بەهۆی شکستهێنانی هەوڵێکی تیرۆرکردنەکە.
ڕاستی دۆسیەکە چییە؟
دوای بەدواداچونی وردو بەراوردکردنی زانیارییەکان، دەرکەوت کە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی فەرمی، بێلایەن، یان لایەنی فەرمی حکومی هیچ ڕاپۆرتێکیان لەسەر بونی هەڕەشەیەکی ئەمنی لەو جۆرە بڵاونەکردوەتەوە.
ههروهها ئەو دیمەنەی لەڤیدیۆکەدا دەبینرێت تەنها ڕێکارێکی ئەمنیی ڕۆتینیو ئاسایی پاراستنی کاروانە فەرمییەکانە، کاتێک کەسێک بەبێ مۆڵەت نزیک دەبێتەوە، نەک هەوڵی هێرشکردن یان بەکارهێنانی چەک بدات، هاوكات بڵاوبونەوەی بابەتەکەش بهبڕوای چاودێران، تەنها لەچوارچێوەی لاپەڕەو ئەکاونتە نافەرمیو نەسەلمێنراوەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوە کە بەمەبەستی دروستکردنی شڵەژانی سیاسیی بڵاوکراوەتەوە.
لهو ڕوهشهوه چاودێران پێیانوایە، دۆخی ناوچەکە بەهۆی لافاوەکەوە ناسکەو هەندێک لایەن دەیانەوێت پشێوی ئەمنیو سیاسیی لەڕێگەی ئهو دهنگۆیانهوه دروست بکەن.
