سێ گروپ چەک رادەست ناکەن.. سەدر و زەیدیش هانا بۆ سیستانی دەبەن

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای چەکدانانی سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق و رادەستکردنی چەکەکانیان بە هێزە فەرمییەکانی عێراق، رادیۆی مۆنتیکارلۆی فەرەنسی زانیاری هەستیار لەبارەی ئەو گروپانە ئاشکرادەکات کە تاکو ئێستا رازی نین چەک رادەستی دەوڵەت بکەن.


رادیۆی مۆنتیکارلۆ لەڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردوە،" حکومەتی عێراق و بەشێک لە لایەنەکانی بەغدا نیگەرانن لەوەی بەشێک لە گروپە چەکدارەکان لەهەوڵدان بە پاڵپشتی حزبوڵای لوبنان هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەعێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێبکەنەوە.

رونیشیکردەوە، تاکو ئێستا سێ گروپی چەکدار رەتیانکردوەتەوە چەک رادەستی دەوڵەت بکەن و خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا ئامادە دەکەن، ئەوانیش بریتین لە کەتیبەکانی حزبوڵا، بزوتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی سەید شوهەدا.

ئەوەشیخستەڕوو، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران بەفەرمی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی راسپاردوە بەوەی رێگری بکەن لەهەر هەوڵێک بۆ پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە .

رادیۆی مۆنتیکارلۆ ئاشکراشیدەکات، هەریەک لە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی نیشتیمانی شیعەکان و عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایان لە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کردوە کە فەتوایەکی نوێ دەربکات کۆتایی بە "جیهاد" بهێنێت، کە پێشتر لە 2014 لەسەر فەتوایەکی ناوبراو حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکان دامەزران، هاوکات داواشیانکردوە سیستانی فەتوایەکی نوێ بە ناوی "هێشتنەوەی چەک لەدەست دەوڵەت" دەربکات.

بەشێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێران بەتوندی دژی ئەم هەوڵەی سەدر و زەیدیین، کە هەڵوەشاندنەوەی فەتواکەی سیستانی بۆ رادەستکردنی چەکی گروپەکان رەتدەکەنەوە.