CNN ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییە گرژەکەی نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ ئاشکرا دەکات.. چۆن قسەی توندیان بەرانبەر بەیەکتر کردوە؟

جیهان

56 خولەک پێش ئێستا‌ 123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆڕی CNNی ئەمریکی بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار، ڕاگەیاندووە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕۆژی دووشەممەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە تۆنێکی توند بووە، بە جۆرێک سەرۆکی ئەمریکا فشاری خستۆتە سەر ڕێبەری ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی پلانەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان.

 
بەپێی گوتەی ئەو دوو سەرچاوەیە، ترەمپ لە هەندێک ساتدا وشەی نەشیاوی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە هێرشە چاوەڕوانکراوەکە بەکارهێناوە، کە هەڕەشەی لەباربردنی هەوڵەکانی دەکرد بۆ نێوەندگیری لە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ ئێران.

ئەوەش هاتووە: لە ساتێکدا، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانییەکانی ڕابردووی خۆی بە بیر نەتانیاهۆ هێناوەتەوە و هۆشداری پێداوە کە بۆردومانکردنی لوبنان ڕەنگە گۆشەگیریی ئیسرائیل زیاتر بکات.

کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی لەسەر تۆنی توندی پەیوەندییەکە نەداوە، کە پێشتر لەلایەن ماڵپەڕی ئەکسیۆسەوە بڵاوکرابووەوە.

ترەمپ دوای گفتوگۆکەی لەگەڵ نەتانیاهۆ لەسەر پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی کە پەیوەندییەکە بەرهەمدار بووە و بانگەشەی کردووە کە ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر ڕادەگرن، هەروەها ڕایگەیاندووە هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو بەیروتی پایتەختی لوبنان پێشڕەوی ناکەن.

دواتر لە پۆستێکی جیادا ئاماژەی بەوە کردووە کە قسەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ کردووە و داوای لێکردووە هێرشی گەورە نەکاتە سەر بەیروت، ئەویش هێزەکانی پاشەکێشە پێکردووە، لەبەر ئەوە سوپاسی نەتانیاهۆی کردووە.
هەروەها ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ نوێنەرانی سەرکردەکانی حزبوڵا قسەی کردووە و ئەوانیش ڕازی بوون بە ڕاگرتنی هێرش بۆسەر ئیسرائیل و سەربازەکانی، بە هەمان شێوە ئیسرائیلیش ڕازی بووە هێرش بۆسەر ئەوان ڕاگرێت.
سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە کاتس و نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندبوو کە ڕێنماییان داوەتە سوپای ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی بۆردومانکردنی بەیروت، بەڵام لە بەیاننامەکانی ئێوارەیاندا، هەردووکیان بە ناڕاستەوخۆ دانیان بەو ئاگربەستەدا نا کە ترەمپ ڕایگەیاندبوو، و گوتیان ئیسرائیل دەستبەجێ هێرش ناکاتە سەر بەیروت.
لە بەرامبەردا، بەپێی بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەی لوبنان لە واشنتۆن، دەسەڵاتدارانی لوبنان دڵنیاییان پێگەیشتووە کە حزبوڵا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل.