100 كەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دامەزراوە تەندروستییەکانی فەرەنسا ئاشكرایانكرد، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما توندەی ڕوی لەوڵاتەکە کردوە، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە.


دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ڕایانگەیاندوە، تۆمارکردنی زیاتر لە 100 حاڵەتی گیان لەدەستدانیان لەماوەی 24 کاتژمێردا کە بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلە گەرما توندەوە بوە کە ڕوی لەوڵاتەکە کردوە جێگەی هەڵوەستەكردنە.

دامەزراوە تەندروستییەکانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردوە، کە زۆربەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لەنێوان بەساڵاچووان و ئەو کەسانەدا تۆمارکراون کە بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن.

لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی حکومی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی هێڵی فریاگوزاریی خێرایان خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو پلانەکانی وەڵامدانەوەی خێرایان بۆ بەرەنگاربووەوەی لێکەوتەکانی ئەم دۆخە نائاساییە چالاک کردوە.

هاوکات، حکومەتی فەرەنسا داوای لەهاوڵاتییان کردوە کە لەکاتەکانی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمادا، لەبەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بەدوربن و بڕێکی پێویست ئاو بخۆنەوە.

جەختیش لەسەر دابینکردنی چاودێری و پاراستنی پێویست بۆ ئەو توێژانە کراوەتەوە کە زیاتر لەژێر مەترسیی توندبونی نیشانەکاندان.

لایەنە پەیوەندیدارەکان دوپاتیان کردوەتەوە کە لە نزیکەوەو بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێریی بارودۆخی تەندروستی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە کەهۆشدارییە فەرمییەکان لەبارەی بەردەوامبونی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لەڕۆژانی داهاتودا هێشتا بەردەوامن.

بەپەلە