پارتی لەبارەی پەرلەمانی كوردستانەوە پەیامێك ئاڕاستەی لایەنەكان دەكات

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 883 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوا لەسەرجەم لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن دەکات کۆتایی بەچەقبەستویی سیاسی بهێنن و باس و خواستەکان لەڕاگەیاندنەکانەوە ببەنە ناو هۆڵی پەرلەمان.

 
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت، هەر لەدوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی، لەڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خەمخۆری بۆ بارودۆخی هەرێم، هەوڵەکانمان دەستپێکرد بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسای بەرکار.

دەشڵێت، سەرەڕای پەیام و پەیوەندی و هەوڵە بەردەوامەکانی مەسعود بارزانی و پارتی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و نزیکبونەوە لە چارەسەری ئەو کێشانەی کە بەربەستن لەبەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بەخستنەڕووی ژمارەیەک سیناریۆ و ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دەربازبون لەو چەقبەستوییەی ڕوبەڕوی پرۆسەی سیاسیی هەرێم بوەتەوە، بە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و چەندقۆڵی، دەستپێشخەری، پێکهێنانی شاند، پەیام و سەردان، بەڵام بەداخەوە بە دەنگەوەهاتن و هەڵوێستی ئەرێنی پێویست بەرچاو نەکەوت".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كەبارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقیمان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچی زوتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبون لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستا، کە جگە لە زیان گەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستکەوتەکانمان، بۆ هیچ لایەک سوودی تێدا نابینرێت.

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە،  کاتێک کۆبونەوەو شاند و سەردان و پەیامەکان، هەروەها هەوڵەکانمان لەگواستنەوەی باس و گفتوگۆی کێشەکان لەسەر شەقام و ڕاگەیاندنەکانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بێ ئاکام بێ، فەرموون لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەی کورسیان زۆرە و چ ئەوانەی کورسی کەمتریان هەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و، هەموولایەکمان پابەندی ئەو ڕێگاچارەسەرە بریارلێدراوەی پەرلەمانی کوردستان بین".

بەپەلە