نەوەی نوێ وەڵامی پارتی دەداتەوە

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 973 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ وەڵامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوەو دەڵێت، ئەگەر ئامادەن دەستبەرداری شەڕی پۆست ببن، ئەوا هەموو لایەنەکانی تر ئامادەی دانیشتن.


ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، لەڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دایەوەو ڕایگەیاند، کاتێک پارتی  بە 39 کورسییەوە دەڵێت ئێمە هێڵی سوورمان هەیە بۆ پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، ئەوا مانای کۆتاییهێنانە بە ئەزمونی هەرێم و داخستنی هەموو دەرگاکانە بەڕووی گفتوگۆ و دانیشتن".

لەناوەڕۆكی ڕاگەیەندراوەكەدا نەوەی نوێ دەڵێت، سەرەتا پێویستە بەبیری هەمو لایەکی  بهێنینەوە کە رۆژی2-12-2024 کەرۆژی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بوو، فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی دانیشتنەکەیان جێهێشت و رێگەیان نەدا کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

پاشان رۆژی 9-12-2024 کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ دانیشتن دانرا، بەڵام فراکسیۆنی پارتی نەچوونە ژوورەوە، هەمان رۆژ سەرۆکی کاتیی پەرلەمان داوای کرد کە هەموو رۆژ زەنگی دانیشتن لێبدرێت، کەچی جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان کە پارتییە، رێگەی نەداوە زەنگ لێ بدرێت و وتویەتی تەعمیر دەکەن. پاشان لە رۆژی ١٩-١-٢٠٢٥ سەرۆکی کاتیی پەرلەمان داوای کرد کە رۆژی ٢٦-١-٢٠٢٥ کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام پارتی ئامادە نەبوو، بۆیە رۆژی ٢٢-١-٢٠٢٥ سەرۆکی کاتی پەرلەمان دەستی لەکارکێشایەوە.

ئەنجومەنی نەوەی نوێ ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، کاتێک شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەوپەڕی رێز و دڵسۆزیەوە هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن، هەرێمەکەمان لەدەست دەچێت، ئەوا میدیاکانی پارتی بەڕەسمی و نا ڕەسمیەوە، لە بری سوپاسی ئەم هەڵویستە خەمخۆرییە، کەچی بەوپەڕی بێڕێزیەوە دەست دەکەنە هێرشکردن و تەخوین و ناوزڕاندن، بەبێ ئەوەی خۆیان لە قەرەی مەترسییە راستەقینەکە بدەن.

نەوەی نوێ دەپرسێت،  ئەم جۆرە هێرشکردن و ناوزڕاندن و تەخوین کردنە بەرامبەر سەرۆکی پارتێکی گەورەی خاوەن ١٥ کورسی پەرلەمانی کوردستان، لەکوێی دنیا زەمینەسازی بۆ گفتوگۆو دانیشتن و چارەسەری کێشەکان دروست دەکات؟ 

دەڵێت، پێویست بوو پارتی دیموکراتی کوردستان درک بەوە بکات کە هۆشداریەکەی شاسوار عەبدولواحید لە خەمخۆری و دڵسۆزیەوە بوو بۆ هەرێمی کوردستان و دامەزراوەو دام و دەزگا رەسمیەکانی، تا گەلی کوردستان و هەرێمەکەش لەڕێگەی بەگەڕخستن و شەرعیەت پێدانی دامەزراوەکانیەوە لەهەموو مەترسییەک بپارێزرێت.

لەکۆتاییدا  نوسيویەتی، پێویستە هەموو لایەک ئەو راستییە بزانن، گەر هەر لایەنێک خۆی بە دڵسۆزی هەرێم و کورد و کوردستان دەزانێت، ئەوا نابێت شەڕی پۆست بکات و دەست بگرێت بە هیچ پۆستێکەوە و نابێت هەرێمی کوردستان بکرێت بەقوربانی پۆست و دوپاتیدەكاتەوە، گەر پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەن دەستبەرداری شەڕی پۆست ببن، ئەوا هەموو لایەنەکانی تر ئامادەی دانیشتنن، بەڵام کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان  بە ٣٩ کورسیەوە دەڵێت ئێمە هێڵی سورمان هەیە بۆ پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، ئەوا مانای کۆتاییهێنانە بە ئەزمونی هەرێم و داخستنی هەموو دەرگاکانە بەڕووی گفتوگۆ و دانیشتن.

بەپەلە