شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوەکانی کەناڵی "عەرەبییە حەدەس"ی سعوودیی، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی تەممووزدا خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
ئەو سەرچاوانە ھەروەک ئاماژەیان بەوە کردووە کە دواتر پاکستان میوانداریی گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی دەکات، و بڕیاریشە شەھباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە 2ی تەممووزدا سەردانی ئێران بکات.
ئەم پێشھاتە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە لە دوو رۆژی ڕابردوودا، گرژییەکی بێپێشینە لە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان لە سویسرا، لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ڕوویداوە.
واشنتۆن ئێرانی تۆمەتبار کرد بە ھێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانیی لە گەرووی ھورمز، ئەمەش کاردانەوەی سەربازیی ئەمریکای لێکەوتەوە و لە بەرامبەردا ئێران ڕایگەیاند کە ھێرشی کردۆتە سەر پێگەکانی ئەمریکا.