شارپرێس:
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕاگەیاند، شاندێکی هاوبەشی عێراق و هەرێمی کوردستان لەئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبونەوەو لەسەر پڕۆتۆکۆڵێکی یەک ساڵە بۆ هەناردەکردنی نەوت ڕێککەوتن، کە وەک سەرەتایەک دەبێت بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ و درێژخایەن لەکەرتی وزەدا.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شاندێکی باڵای عێراق کە پێکهاتبو لەنوێنەرانی وەزارەتەکانی دەرەوەو نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیایان کرد.
لەمیانی سەردانەکەدا، زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ لایەنی تورکی ئەنجامدران. تەوەرە سەرەکییەکان بریتیبون لە داڕشتنی میکانیزمێک بۆ دڵنیابون لە بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت، بەتایبەت دوای تەواوبونی وادەی گرێبەستی ئێستای هێڵی بۆری عێراق–تورکیا. هەردو لایەن جەختیان لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکان کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لایەنی عێراقی و تورکی گەیشتونەتە ڕێککەوتن بۆ داڕشتنی پڕۆتۆکۆڵێکی جێبەجێکاری، کە بەگوێرەی ئەو پڕۆتۆکۆڵە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوام دەبێت.
هاوکات، بڕیارە لەماوەی ئەو ساڵەدا هەردو وڵات کار بکەن بۆ ئامادەکردن و واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ و درێژخایەن، کە وەک چوارچێوەیەکی یاسایی و ئابوری نوێ بۆ گواستنەوەی نەوت و کەرتی وزە لەنێوان هەردو وڵاتدا کار بکات.
