زانکۆی سلێمانی دۆسیەی عەبدوللەتیف سه‌له‌فى ڕەوانەی داواکاری گشتیی دەکات‌و داوای ڕێکاری یاسایی دەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1657 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بەفەرمی دۆسیەی (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا) مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانى ڕەوانەی فەرمانگەی داواکاری گشتیی دەکات‌و داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەپەلە دەکات.


به‌گوێره‌ى بەڵگەنامەیەکی فەرمی‌و نهێنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کە واژۆى پڕۆفیسۆر د. (کۆسار محەمەد عەلی) سەرۆکی زانکۆکەی لەسەرەو ئاڕاستەی فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی کراوە، هاتوە، "دوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆوە لەسەر کۆمەڵێک دەنگۆو نامەی دەنگی بڵاوکراوە کە تایبەتبون بەگەیشتن بەڕاستی‌و ناڕاستی هەر هەواڵ‌و زانیارییەک سەبارەت بەناوبراو، لێکۆڵینەوەکان کۆتاییانهاتوە".

لەنوسراوەکەدا بەڕونی ئاماژە بەوەدراوە، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە، سەرۆکایەتی زانکۆ داوا لەداواکاری گشتیی دەکات به‌گوێره‌ى ڕێکارە یاساییەکان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکات.

زانکۆی سلێمانی جەختیکردوەتەوە، بەهۆی نەبونی ڕەگەزی سزای کارگێڕیی (وەزیفی) لەم کەیسەدا، داواکارن ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر ناوبراو بگیرێتەبەرو بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم بەڵگەنامەو ڕاپۆرتە تایبەتەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوپێچ کردوە بۆ فەرمانگەی داواکاری گشتیی.