شارپرێس:
ماڵپەڕی "میدڵ ئیسک
ئای"ی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی باڵای عێراقیو هەرێمییەوە گواستویەتییەوە،
کە عێراقو سوریاو ئەمریکا پلان دادەنێن بۆ ڕاگەیاندنی زیندوکردنەوەی هێڵی بۆری کۆنی
کەرکوک - بانیاس، وەک بەشێک لەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ کەمکردنەوەی کۆنتڕۆڵی ئێران
بەسەر گەروی هورموزدا.
بهگوێرهى ماڵپەڕە بەریتانییەکە،
چاوەڕواندەکرێت هەفتەی داهاتوو پەردە لەسەر ڕێککەوتنی زیندوکردنەوەی هێڵەکە لابدرێت،
کاتێک عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
کۆدەبێتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە،
نێردەی ئەمریکی تۆم باراک کار لەسەر وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە دەکات پێش سەردانەکەی
زەیدیی بۆ ئەمریکا کە چاوەڕوانیشدەکرێت سەردانی ویلایەتی تێکساسیش بگرێتەوە کە بەناوەندی
وزەی ئەمریکا دادەنرێت.
ڕاپۆرتەکە لەزاری بەرپرسێکی
باڵای عێراقییەوە گواستویەتییەوە کە باراک پەیوەندییەکی کاری باشی لەگەڵ زەیدیدا پەرەپێداوەو
دەیەوێت هێڵی بۆرییەکە وەک مۆدێلێک بۆ پڕۆژە بازرگانییەکان لە وڵاتانی شام (بلاد
الشام) بەکاربهێنێت، کە وەسفیکردوە بەوەی، سود بەویلایەتەیەکگرتوەکانو حکومەتە خۆجێییەکان
دەگەیەنێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە،
بەغدا لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا کارکردنی لەو هێڵەدا ڕاگرتبوو، دوای ئەوەی
سوریا لەکاتی شەڕی عێراق - ئێراندا لایەنگری ئێرانی کرد، لەکاتێکدا هێڵەکە دوای شەڕی
ساڵی 2003 ڕوبەڕوی زیانی گەورە بوەوەو پێویستی بەچاکسازیی بەرفراوان هەیە، بەتایبەتی
کۆگای نوێو پەمپەکانی سیستمە کارەباییەکان.
بهگوێرهى زانیارییهكان،
ئەگەری زۆر هەیە هێڵی بۆرییەکە پێویستی بەگۆڕینی گشتیی هەبێت، بەخشتەیەکی زەمەنی کە
(2 بۆ 3) ساڵی دەوێت، هاوکات ئاماژە بەوەشکراوه، هاوپەیمانییەک لەکۆمپانیا ئەمریکییەکان
بۆ ئەم دوبارە بونیادنانەوەیە کۆکراونەتەوە، ئەمەش نیشانەی پابەندبونی ویلایەتەیەکگرتوەکانە
بەم مەلەفەوە.
ڕاپۆرتەکە سەرنجی بۆ ئەوە
ڕاکێشاوە، هێڵی کەرکوک - بانیاس دوای ئەوەی ئێران کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر گەروی
هورمزدا سەپاند وەک وەڵامێک بۆ شەڕی ئەمریکا - ئیسرائیل لهدژی، بوەتە بابەتێکی بەپەلەتر،
ههروهك ئهوهش ڕونكراوهتهوه، عێراق لەکاتی شەڕەکەدا لەڕێگەی بارهەڵگری نەوتهەڵگرەوە
لەڕێگەی سوریاوە دەستی بەهەناردەکردنی نەوت کردوە، بەڵام بڕەکەی کەم بوە.
سەرهەنگ حەمەسەعید شیکەرەوەی
کاروباری عێراقییەوە گواستویەتییەوە، "عێراق دەستیکردوە بەوەی بەشێوازێکی جیاواز
سەیری سوریا بکات، چونکە پێش شەڕەکە بەگومانەوە سەیری دەکرد، بەڵام ڕاستی شەڕەکە دەریخست
کە عێراق پێویستی بەسوریایە".
بهگوێرهى سەرچاوە هەرێمییەکان،
چاوەڕواندەکرێت، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، بەبۆنەی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی
ڕێککەوتنی هێڵی بۆرییەکەوە سەردانی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە،
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد چوەتە ناو خولگەی ئەمریکاوەو
لەلایەن تورکیاو وڵاتانی کەنداوەوە، بەقەتەرو سعودیەشەوە، پاڵپشتییەکی توندی لێدەکرێت،
لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ چەندین سزای لەسەر سوریا هەڵگرتوەو سەرۆکی ئەمریکاش لەلوتکەی
ئەمدواییەی ناتۆدا وەسفیکردوە، بەوەی کە پیاوێکی "ناوازەو بەڕێزە"و دەرهێنانی
سوریای لەلیستی دەوڵەتانی پشتگیریکەری تیرۆر ڕاگەیاندوە.
ڕاپۆرتەکە بەردەوامدەبێت،
ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی یارمەتیدانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لەپڕۆژەی هێڵی
بۆرییەکەداو ئاماژە بەوەدەکات، عێراق بەیەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین زیانی
بەردەکەوێت لەحاڵەتی خنکاندنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، چونکە بۆ هەناردەکردنی
95٪ی نەوتەکەی پشتبەستوە بەو گەروە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەڕاگەیاندراوێکی
کۆمپانیای "فۆرتێکسا" بۆ شیکارییەکانی وزە کردوە لەمانگی ڕابردودا کە تێیدا
هاتوە هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێگەی دەریاوە، لەمانگی ئایار، تەنها 8٪ی تێکڕای ساڵی
ڕابردوو بوە.
