پرۆژەیەكی نوێی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرادەبێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2228 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
 شارپرێس:

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی نوێ سەرهەڵدەدات، كە لەسەر بنەمای بازرگانی و وابەستەیی یەكتر بێت نەك تەنها لەسەر هێزی سەربازی، بەپێی دیدگایەكی ئەمریكی.

بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕ زە ناشناڵ كۆنتێكست، ئەم دیدە بریتییە لە بەستنەوەی عێراق و سوریا و توركیا پێكەوە و بەمەش نفوزی ئێران لاواز دەبێت، لەكاتێكدا كورد بووەتە زامنی ئەم نەزمە نوێیە ناوچەییە.

ماڵپەڕەكە لە ڕاپۆرتێكدا، ئاماژەی بەوەكردووە، نەزمی نوێی هەرێمی لەسەر بنەمای چەمكی دەوڵەت دامەزراوە. هەرێمی كوردستان، بۆ یەكەمجار، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر سیستمێكی گومرگی یەكگرتوو لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵیدا و هەناردەكردنی نەوتەكەی لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی سەر بە دەوڵەتەوە دەبێت.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لەم چوارچێوەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هاوبەش و ئەكتەری ناوخۆیی لە چوارچێوەی سیستمی پێكهاتەیی نوێدا سەیر دەكرێن.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، دانانی تۆم باراك ڕەنگدانەوەی ئەم دیدەیە. ناوبراو جگە لەوەی نێردەی تایبەتە لە عێراق و سوریا، وەك باڵیۆز لە توركیا كاردەكات، ئەمەش وایكردووە بەرپرسیار بێت لە هەر سێ دۆسییەكە. لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ڕێككەوتنەكانی دواتر لەگەڵ كۆمپانیای شیڤرۆن و ئێچ كەی ئێن لە عێراق، و كۆنۆكۆفیلیپس لە سوریا، جێبەجێكردنی كردەیی ئەم ستراتیژە نیشان دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، توركیا، لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا، تەنها یەكێك نییە لەو سێ وڵاتە، بەڵكو نوێنەرایەتی بازاڕ و ناوەندی ترانزێت و دەروازەی ئاسایشیش دەكات. بڕیارە ئەو پرۆسەی ئاشتییەی كە لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان بەڕێوەی دەبات، دیاری بكات كە ئایا تۆڕە كوردییەكان وەك بەستەرێك مامەڵە دەكەن یان وەك سەرچاوەی هەڕەشە دەمێننەوە.