موجته‌با خامنه‌یى هه‌ڕه‌شه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى باوكى ده‌كات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2179 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی لەپەیامێکی فەرمیدا بۆ باوکی، جەخت لەسەر تۆڵەسەندنەوەیەکی سەخت لەبکوژانی عەلی خامنەیی‌و قوربانیانی جەنگەکانی ئەمدواییە دەکاتەوە.


دوای تێپەڕبونی نزیکەی چوار مانگ بەسەر ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە بونە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوی ئێران، موجتەبا خامنەیی کوڕی لەیەکەم پەیامی فەرمیدا کە ئاراستەی باوکی کردوە، بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیەکی "وێرانکەر" دەدات.

لەم پەیامەدا کە لەلایەن میدیاکانی تارانەوە بڵاوکراوەتەوە، موجتەبا خامنەیی جەختدەکاتەوە، ڕێبازی باوکی بەردەوامدەبێت‌و دەڵێت، "پەیمانت پێدەدەین تۆڵەی خوێنی پاکت‌و هەموو شەهیدانی ئەم دوو جەنگە لەبکوژە تاوانبارو ڕیسواکان بکەینەوە".

ئەم لێدوانە وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل دەبینرێت کە تاران بەبەرپرسیاری سەرەکیی کوژرانی سەرکردەکانی دەزانێت.

پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو دوو جەنگی گەورەو سەختدایە؛ یەکەمیان ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل لەبەرەی لوبنان‌و دوەمیان ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا لەگەروی هورمزو ناوخۆی خاکی ئێران.

بەکارهێنانی دەستەواژەی "بکوژە ڕیسواکان" ئاماژەیەکی ڕاشکاوە بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ‌و ته‌لئەبیب کە لەماوەی ڕابردودا چەندین ناوەندی هەستیاریان لەناوخۆی ئێران بۆردومانکردوە.

ئەم پەیامە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی جەماوەرو بەهێزکردنی ورەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەکاتێکدا کە غەیبەتی درێژخایەنی موجتەبا گومانی زۆری لەسەر توانای بەڕێوەبردنی وڵات دروستکردبوو.

شیکارەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بەڵێنی "تۆڵەسەندنەوەی خوێن" لەفەرهەنگی سیاسیی ئێراندا بەواتای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە دێت. لەساڵی 2026دا کە ئاستی پێکدادانەکان گەیشتوەتە لوتکە، ئەم پەیامە دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ گەڕێکی نوێ لەهێرشە موشەکی‌و درۆنییەکان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لەکوه‌یت، قەتەرو بەحرەین، کە پێشتر ئێران هەڕەشەی لێکردبون.

تاران دەیەوێت بەجیهان بڵێت، کوژرانی عەلی خامنەیی نەبوەتە هۆی هەرەسهێنانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو کوڕەکەی بەهەمان "ستراتیژیی سەخت"ەوە دەسەڵاتی گرتوەتەدەست.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر هۆشداریدابوو، موشەکەکانی لەئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەوڵێکی تیرۆرکردن یان هێرشی تۆڵەسەندنەوە.

ئەم ئاڵوگۆڕی هەڕەشانە ئاسۆی هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێکی دیپلۆماسیی لێڵ کردوە، سەرەڕای هەوڵەکانی وڵاتانی نێوەندگیر وەک سویسراو پاکستان، پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی تەنها بۆ دەرەوە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆی لەناوخۆو وەڵامدانەوەی ئەو دەنگۆیانەی کە باسیان لەکوژرانی یان بێدەسەڵاتیی ئەو دەکرد لەدوای کوژرانی باوکی‌و خێزانەکەی لەهێرشەکانی چوار مانگ لەمەوبەردا.

دۆخی ئێستای تاران‌و کاردانەوەی چاوەڕوانکراوی واشنتۆن، مەترسییەکانی "بەسوریا کردن"ی ناوچەکەی زیاترکردوە، لەکاتێکدا کە ئاماری قوربانیانی جەنگی لوبنان 4000 کەسی تێپەڕاندوەو ئامادەباشیی سەربازیی لەبەرزترین ئاستدایە، لێدوانەکانی موجتەبا خامنەیی دەبنە پریشکێکی مەترسیدار کە ڕەنگە جەنگەکە بەرەو قۆناغێکی وێرانکەرتر بەرێت.

جیهان ئێستا بەوردی چاودێری ئەوەدەکات کە ئایا ئەم "پەیمانە بۆ تۆڵەسەندنەوە" دەبێتە واقیعێکی سەربازیی لەسەر زەوی، یان تەنها وەک شەڕێکی دەرونی لەناو قەیرانە قوڵەکانی ئێراندا دەمێنێتەوە.