شارپرێس:
سەرچاوەکان زانیارییان لەسەر ئەوکەسە ئاشکراکردوە کە ناوی مستەفا حەلاقەو لەناوەندەکانی بەدواداچونی مەلەفی عەلا سەمیر-دا وەک یەکێک لەدیارترین کەسە نزیکەکانی ناوی دەبرێت.
بهگوێرهى میدیاى عێراقى، مستەفا حەلاق کە ناسراوە بە(مستەفا پۆستیژە) پێشئەوەی لەگەڵ عەلا سەمیر کاربکات، پیشەی سەرتاشی بوەو لەئێستاشدا گوماندەکرێت خاوەنی چەندین خانوبەرەبێت کە پێدەچێت هی کەسی دوەم (عەلا سەمیر) بن.
چهند سەرچاوەیهك لهوبارهیهوه قسهیانكردوهو وتویانه، "حەلاق بەڕێوەبەری (دار الحارثیه)و (دار الداودی) بوە کە پێشتر ناویان بەستراوەتەوە بەگومانەکانی گەندەڵی پەیوەندیدار بەپێدانی پارەو بەڕێوەبردنی گرێبەستە (گوماناوییەکان)".
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندوه، "حەلاق ڕۆڵی (بەرپرسی ئابوریی) بۆ هەندێک لەبەڕێوەبەرەکانی وەزارەتی کارەبا دەگێڕا، ئەویش لەڕێگەی وەرگرتنی پشکی سەرانە لەو کۆمپانیایانەی کاردەکەنو ڕاییکردنی ئەو چەکانەی تایبەتن بەشایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە".
ئەم پەرەسەندنە لەکاتێکدادێت کە وەزارەتی کارەبا شایەتی کەمپینێکی وردبینیو لێکۆڵینەوەیە لەچەندین مەلەفی گەندەڵی داراییو کارگێڕیی، ئەمەش لەناوەڕاستی ئەو جوڵانەی کە لەلایەن لایەنە چاودێرییو ئەمنییەکانەوە سەرکردایەتیدەکرێن بۆ پێداچونەوە بەمیکانیزمەکانی خەرجکردن، گرێبەستەکانو کۆکردنەوەی داهات لەناو چەند پێکهاتەیەکی وەزارەتەکەدا.
لەهەفتەکانی ڕابردودا، عەلا سەمیر دۆسیەی بەڕێوەبەری گشتیی پێشوی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست سەریههڵدا، ئەمەش دوای ئەوەی هێزێکی ئەمنی ئۆپەراسیۆنی پشکنینیان لەو شوێنانە ئەنجامدا کە بەستراونەتەوە بەلێکۆڵینەوەکەوە، لەکاتێکدا سەرچاوەکان باسیان لەدەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامە، دەقو پسوڵە کردوە کە لەئێستادا خراونهته ژێر پرۆسەی وردبینی لەچوارچێوەی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا.
کەیسی عەلا سەمیر (الجبوری) یەکێکە لەگەورەترینو دەنگۆدارترین کەیسەکانی گەندەڵی داراییو کارگێڕیی لەعێراق، کە تایبەتە بەکەرتی کارەباو لەحوزەیرانی ئهمساڵدا تەقیوەتەوە، بهو هۆیهوه لە 20ی حوزەیرانی ئهمساڵدا هێزێکی ئەمنی سەر بەلێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی هەڵیانکوتایەسەر نوسینگەیەکی تایبەتی ناوبراو لەناو خانویەکدا لەگەڕەکی داودی لەناوچەی مەنسورى ڕۆژئاوای بەغداو دەستگیریانکرد.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە ئەمنییەکان، لەکاتی پشکنینی ماڵو حەشارگەکەیدا، بڕی 76 ملیار دیناری عێراقی دۆزرایەوەو دەستی بەسەرداگیرا، هەروەها سەرچاوەکان باس لەتێوەگلانی لەگرێبەستو مامەڵەی گەندەڵی بەبەهای زیاتر لە 86 ملیار دینار دەکەن، ئهوكهسه وەک بەرپرسێکی باڵا لەڕیزەکانی حزبی (تقدم)ى محهمهد حهلبوسى ئەژماردەکراو ئەم لێکۆڵینەوەیەش کاردانەوەی سیاسیی گەورەی لەبەغدا دروستکردوە.
ئهو تۆمهتانهى ڕوبهڕوى كراونهتهوه، تۆمەتبارە بەسەپاندنی سەرانەو وەرگرتنی پارهى زەبەلاح لەو کۆمپانیا ئەهلییانەی کە گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کارەبایان هەبوە، لهگهڵ ئهوهشدا هۆکاری سەرەکیی بوە لەپەکخستنی کۆکردنەوەی پارەی کارەباو بردنی ئەو پارانە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی، لێکۆڵینەوەکانیش دەریانخستوە کە ناوبراو تۆڕێکی لەکەسانی نزیکی خۆی بەکارهێناوە (وەک مستەفا حەلاق - پۆستیژە) بۆ کڕینی کۆشک، خانوبەرەی گرانبەهاو بەڕێوەبردنی گرێبەستە گوماناویهكان بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی پارەکانى.
