شارپرێس ـ تایبهت:
سەردانی فەرمی دیلان
یەشیلگۆز-زێگەریۆس وەزیری بەرگرییو جێگری سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا بۆ شاری ئەنكەرە،
تەنها بەشداریکردن نەبوو لەلوتکەی ناتۆ، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژویی، دپلۆماسیو کەسیی
بوو کە سەرنجی میدیاکانی جیهانی کێشا، ئەم خانمە کوردە کاتێک پێدەنێتە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی
تورکیا، مێژویەکی پڕ لەململانێ، کۆچبەرێتیو سەرکەوتنی سیاسیی لەگەڵ خۆیدا دەباتە ناو لوتکەکە.
لەدایکبونو دەربازبون
لەناو بەلەمی كۆچبهریدا
دیلان یەشیلگۆز
لە18ی حوزەیرانی 1977 لەشاری ئەنكەرەی پایتەختی تورکیا لەدایکبوە، بنەماڵەکەی (یوچێل
یەشیلگۆز) لەبنەڕەتدا کوردی خەڵکی ناوچەی دێرسیم (تونجەلی) بوە لەباکوری کوردستان،
بەڵام بەهۆی کارو خوێندنو چالاکی سیاسییەوە، خێزانەکەی چونەتە پایتەختى توركیا، دیلان
حهوت ساڵی یەکەمی تەمەنی هەر لەشاری ئەنكەرە بەسەربردوە، تائەوکاتەی لەساڵی 1984
بەهۆی زوڵمی سیاسیی دوای کودەتاکەی تورکیا، ناچاردەبن بەنهێنی لەڕێگەی دەریای بۆدرومەوە
بەرەو یۆنانو دواتر هۆڵەندا ڕێگهى كۆچبهربون بگرنهبهر.
باوکی، واته (یوچێل
یەشیلگۆز)، مامۆستای زانکۆو توێژەرێکی ناسراوی بواری تاوانناسیو چالاکوانێکی چەپ
بوه، دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980ی تورکیا، باوکی بەهۆی ڕاوەدونانه سیاسییەکانەوە
ناچاربوو بەرەو ئەوروپا ڕابکات، لەساڵی 1984، دیلان کە تەمەنی تەنها حهوت ساڵ
بوو، لەگەڵ دایکو خوشکەکەیدا بەسەرکێشییەکی گەورەو لەڕێگەی بەلەمێکی بچوکەوە خۆیان
گەیاندە دورگەی "کۆس"ی یۆنانی بۆ ئەوەی لەوێوە بچنە هۆڵەنداو بەباوکیان
شادببنەوە.
سەرکێشییە سیاسییەکان
لەهۆڵەندا
دیلان لەهۆڵەندا
گەورەبوو، بڕوانامەی ماستەری لەزانستە کۆمەڵایەتیو کولتورییەکان لەزانکۆی ئازادی
ئەمستردام (Vrije
Universiteit) بەدەستهێنا،
ژیانی سیاسیی ئەو بەمشێوەیە گەشەیکرد، سەرەتا لەئەنجومەنی شارەوانی ئەمستردام دەستیپێکرد
لهساڵانى (2014 ـ 2017)، لەساڵی 2017 بوە ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا لەسەر لیستی
پارتی گەلی ئازادیو دیموکراسی (VVD)، لەساڵی 2022 لەکابینەی چوارەمی
مارک ڕوتەدا بوە وەزیری دادو ئاسایش، لەشوباتی 2026یشدا، لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی
نوێی هۆڵەندا بەسەرۆکایەتی ڕۆب یەتن، دیلان یەشیلگۆز پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانو
وەزیری بەرگریی وڵاتی پێسپێردرا.
هێرشەکانی تورکیاو
تۆمەتبارکردنی بەئهندامێتى "پەکەکە"
ڕاستەوخۆ دوای دەستبەکاربونی
وەک وەزیری بەرگری هۆڵەندا لەساڵی 2026، میدیا فەرمییەکانو بەرپرسانی حکومەتی
تورکیا (ئاکپارتی) هێرشێکی توندی میدیاییان کردەسەریو چەندینجار ناڕەزایەتی فەرمی
دەربڕییو ڕایگەیاند، یەشیلگۆز لەخێزانێکی لایهنگرى پەکەکەیەو باوکی پەیوەندیی بەعەبدوڵڵا
ئۆجەلانەوە هەبوە.
میدیاکانی نزیک
لەئەنكەرە کەمپینیان دژی ڕێکخستو بونی کچە کوردێکیان لەلوتکەی وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا
(کە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە) وەک مەترسی بۆسەر ئاسایشی خۆیان ناوبرد، بەتایبەت کە
دیلان پێشتر چەندینجار داکۆکی لەهێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردبوو لەشەڕی
دژ بەداعشدا.
لوتکەی ناتۆی
2026 لەئەنكەرە؛ ئەردۆغان ناچار بەپێشوازیی کرا
لە 7 تا 8ی ئهم
مانگه،، شاری ئەنكەرە (شاری لەدایکبونی دیلان) بوە میوانداری 36مین لوتکەی سەرکردەکانی
ناتۆ، دیلان یەشیلگۆز وەک سەرۆکی وهفدى سەربازییو وەزیری بەرگریی هۆڵەندا گەیشتە
ئەنكەرە.
لێرەدا دۆخە دپلۆماسییەکە
پێچەوانە بوەوە؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەڕای هەموو هێرشو تۆمەتەکانی
پێشوی وڵاتەکەی، بەهۆی یاساو پڕۆتۆکۆڵە توندەکانی هاوپەیمانی ناتۆوە، ناچاربوو بەفەرمی
لەکۆشکی سەرۆکایەتی پێشوازی لەدیلان یەشیلگۆز بکات وەک نوێنەری باڵای هۆڵەندا.
سەرکەوتنی دپلۆماسی
لەناوجەرگەی تورکیادا
دیلان یەشیلگۆز
لەم سەردانەدا تەنها وەک میوان دەرنەکەوت، بەڵکو چەند ڕۆژێک پێش لوتکەکە چوە
ناوشاری ئەنكەرەو بەزمانێکی تورکی تەواو ڕەوانو بێ کەموکوڕی لەگەڵ میدیاکان قسەیکرد،
کە ئەمەش لایەنگرانی ئەردۆغانی توشی سەرسوڕمان کرد، لەناو جەرگەی ئەنكەرەوە، یەشیلگۆز
ڕایگەیاند، "هۆڵەندا بڕی سێ ملیار یۆرۆ (نزیکەی 3.43 ملیار دۆلار) لەگرێبەستی
بەرگریی نوێو کڕینی چەکو سیستمی ئاسمانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆدا وەبەرهێنان دەکات".
چیرۆکی دیلان یەشیلگۆز
نیشانیدەدات کە چۆن کچە پەنابەرێکی کورد کە باوکی بەهۆی زوڵمی سیاسییەوە ڕایکردبوو،
دوای 42 ساڵ وەک وەزیری بەرگریی وڵاتێکی زلهێزی ئەوروپی گەڕایەوە بۆ پایتەختی تورکیاو
نەیارە سیاسییەکانی ناچارکرد بەفەرمی سڵاوی سەربازیی بۆ بكهن.
