ئیسرائیل بەتوندی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2525 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وەڵامی لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە تێیدا ڕایگەیاندبوو، بڕوای وایە ئیسرائیل به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنەکانی واشنتۆن لەلوبنان دەکشێتەوە.


کاتس لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، ئەوان بۆ چونە ناو لوبنان داوای مۆڵەتیان لەهیچ لایەنێک نەکردوەو بۆ مانەوەش پێویستیان بەمۆڵەت نییە، چونکە بەوتەی ئەو، پاراستنی دانیشتوانی جەلیل‌و هاوڵاتیانی ئیسرائیل لەهەڕەشەکانی حزبوڵڵا بەماف‌و ئەرکی خۆیان دەزانن.

کاتس ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک خۆیی‌و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران-یش ڕونیانکردوه‌تەوە، ئەوان لەناوچەی ئەمنیی لوبنان دەمێننەوەو لەوێوە به‌گوێره‌ى پێویست کاردەکەن تائەوکاتەی حزبوڵڵا لەتەواوی لوبنان چەکدەکرێت‌و هەڕەشە لەسەر دانیشتوانی باکورى وڵاته‌كه‌یان نامێنێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترەمپ لەلوتکەی ناتۆ لەئەنكەرە ڕایگەیاندبوو، دوای گفتوگۆ لەگەڵ ناتانیاهۆ، بڕوای وایە، ئیسرائیل هێزەکانی لەباشوری لوبنان دەکشێنێتەوە، چونکە خۆیان دەیانەوێت ئەو هەنگاوەبنێن، سەرەڕای لێدوانە پێچەوانەکانی ناتانیاهۆ کە هەفتەی ڕابردوو لەسەردانێکیدا بۆ ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی لوبنان بەسەربازانی وتبوو، تا حزبوڵڵا هەڕەشە بێت ناکشێنەوە.

ئەم ناکۆکییانە لەدوای ئەوەدێن کە لە26ی حوزەیراندا هەردوو حکومەتی ئیسرائیل‌و لوبنان بەنێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی بۆ ڕادەستکردنی دوو ناوچە بەسوپای لوبنان.