شارپرێس:
ئینستیوتی توێژینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل (INSS) ئاشکرایکردوە، ئیسرائیل بە نیگەرانییەکی زۆرەوە
چاودێری هەوڵەکانی تورکیا، سعودییە و سوریا دەکات کە ئامانجیان دروستکردنی ڕێڕەوێکى
بازرگانی و لۆجستیکیی نوێیە، بۆ گرێدانی کەنداو بە ئەوروپا بەبێ تێپەڕبوون بە خاکی
ئیسرائیل.
-سەرەتای چیرۆکەکە
لە ساڵی 2023دا، پڕۆژەی ڕێگڕەوى ئابوری هیندستان–ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست–ئەوروپا (IMEC) وەک پڕۆژەیەکی
ستراتیژی ناسێنرا، کە هیندستان بە ئەوروپا دەبەستێتەوە لە ڕێگەی ئیمارات، سعودییە،
ئوردن و ئیسرائیلەوە، بە پشتبەستن بە تۆڕێک لە بەندەرەکان، هێڵی شەمەندەفەر، هێڵەکانی
وزە و پەیوەندی. ئیسرائیل ئەم پڕۆژەیەی بە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی بەندەری حیفا
وەک دەروازەی سەرەکی نێوان کەنداو و ئەوروپا دەبینی، کە ڕۆڵێکی ناوەندی لە بازرگانیی
هەرێمی بۆ دابین دەکات.
-تورکیا هەوڵی لەناوبردنی خەونەکەی ئیسرائیل دەدات
لە هەمان کاتدا، لە تەنیشت ئەم پڕۆژەیەی کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرێت،
تورکیا کار دەکات بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، کە بەندەری فاو لە عێراق
بە تورکیا و پاشان بە ئەوروپا دەبەستێتەوە. هەروەها، هەوڵ دەدرێت ئەم بیرۆکەیە
فراوان بکرێت بۆ گرێدانی کەنداو بە تورکیا لە ڕێگەی سوریا و ئوردونەوە، لەگەڵ زیندووکردنەوەی
هێڵی شەمەندەفەری مێژوویی حیجاز. نێوەندە ئیسرائیلییەکان پێیان وایە ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت
ئەو پێگەیەیان لێ بسەنێتەوە کە هەوڵیان داوە وەک ڕێڕەوى ناچاری بازرگانی نێوان ئاسیا
و ئەوروپا بیچەسپێنن.
-شەڕ بەندەرەکانی ئیسرائیلی بێ بایەخ کردوە
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر گەشتى کەشتیوانى لە
تەنگەی هورموز و دەریای سوور دروست بوون، دیدی هەرێمی بۆ ڕێڕەوە بازرگانییەکان گۆڕیوە.
ئێستا وڵاتان بەندەر، هێڵی شەمەندەفەر و هێڵەکانی وزە بە بەشێک لە سیستمی ئاسایشی
نەتەوەیی خۆیان دەزانن.
-ئیسرائیل لەچی دەترسێت؟
نیگەرانی ئیسرائیل لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سوریا، دوای ساڵانێک لە
دوورخستنەوە و ململانێ، ببێتە نێوەندێکى لۆجستیکی نوێ بۆ گرێدانی کەنداو بە تورکیا
و ئەوروپاوە، کە ئەمە گرنگی بەندەری حیفا کەم دەکاتەوە. هەروەها، فرەیی ڕێڕەوەکان
لە ڕێگەی عێراق، سوریا، میسر و تورکیا هەڕەشە لەوە دەکات کە ئیسرائیل لە دەروازەی
سەرەکی بازرگانییەوە بگۆڕدرێت بۆ تەنها وێستگەیەک لە ناو تۆڕێکی فراوانی هەرێمییدا.
-سعودیە و وڵاتانی کەنداو پشت لەئیسرائیل دەکەن
لە دوای شەڕی ئێران، وڵاتانى کەنداو چیتر ئیسرائیل وەک تەنها هاوبەشی ئاسایش
نابینن، بەڵکو هەندێک جار وەک هۆکارێک بۆ ئاڵۆزی لە بازرگانی و وەبەرهێنانیش لێی دەڕوانن،
بە تایبەت ئەگەر ناکۆکییە هەرێمییەکان بەردەوام بن. لە چوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییەدا،
سعودییە و وڵاتانی کەنداو ڕوو لە پشتگیری لە ڕێڕەوە جێگرەوەکان دەکەن کە لە ڕێگەی
سوریا، تورکیا و عێراق تێدەپەڕن، بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێڕەوى ئیسرائیل و
فراوانکردنی بژاردەکانیان لە بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانیان.
