ئێران لەسەر هەڕەشەی هێرشكردنە سەر دوورگەی خارك هۆشداری دەداتە ئەمریكا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 249 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

تاران هۆشداری دەداتە واشنتۆن لە هەر هەوڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی دوورگەی خارك هێزەكانی ئەمریكا باجێكی قورس دەدەن.

ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە هۆشداری دا لە كاردانەوەی هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی زەمینی كە دوورگەی خارك بكاتە ئامانج و جەختی لەوە كردەوە كە ئەمریكا باجێكی قورس دەدات، ئەگەر هەڕەشەكانی جێبەجێبكات.

ڕەزایی لە پۆستێكدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاندووە، هەر دەستوەردانێكی زەمینی ئەمریكی لە دوورگەكەدا وەڵامێكی توندی رووبەڕوو دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، "یەك سەربازی ئەمریكی بە زیندووی ناگەڕێتەوە"، وەك خۆی دەڵێت.

ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە دوای پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن هات، ئەوەش دوای هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بە ئامانجگرتنی دوورگەی خارك، هاوكات لەگەڵ نوێبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی نێوان هەردوولا.

دوورگەی خارك یەكێكە لە گرنگترین شوێنە ستراتیژییەكانی ئێران، بەو پێیەی زۆرترین ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران پێدا تێدەپەڕێت، هەروەها بەندەری ئاوی قووڵی تێدایە كە بۆ هەناردەكردنی زۆربەی بەرهەمی نەوتی وڵات بۆ بازاڕە جیهانییەكان بەكاردێت، ئەمەش گرنگییەكی گەورەی ئابووری و سەربازیی پێدەبەخشێت.