شارپرێس:
سەرچاوەیەك بە سكای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندووە، ئەنجومەنی ئاشتی پرۆسەی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كردووەتەوە بۆ دەستپێكردنی كۆكردنەوە و پاككردنەوەی داروپەردووی باڵەخانەرووخاوەكان لە غەززە، ئەمەش وەك پێشەكییەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردەوە كە لە چوارچێوەی پلانی ئاوەدانكردنەوەی غەززە، پێشنیار كراوە بۆ دەستپێكردنی كارەكان لە ناوچەی ڕەفەح لە باشووری غەززە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، تەنها لە ناوچەی ڕەفەح زیاتر لە 9 ملیۆن تۆن داروپەردوو هەیە، كە دەكرێت تا سێ ساڵ بخایەنێت بۆ كۆكردنەوە و پاككردنەوەی و دووبارە بەكارهێنانەوەی بەشێكی بۆ بواری بیناسازی كە دەتوانرێت لە ئاوەدانكردنەوەدا بەكاربهێنرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، "ناوچەی ڕەفەح دەبێتە یەكەم شوێن لەچوارچێوەی ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕەوە وێران بوون، سەركەوتنەكەیشی بە مانای دەستپێكردنی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەكە دەبێت لەسەرانسەری ناوچەكە".
ئەم هەنگاوە دوای راگەیاندنی حەماس دێت بۆ رادەستكردنی دەسەڵات و چەك بەلیژنەیەكی فەلەستینی لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئاگربەستدا، بەڵام سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە پڕۆسەكە رووبەڕووی دژایەتی توندی حكومەتی ئیسرائیل و بنیامین ناتانیاهۆ بووەتەوە دەڵێن تا حەماس بە تەواوی چەك و دەسەڵات رادەست نەكات نابێت پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە دەستپێبكات.
