شارپرێس:
دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەکاتی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە تورکیا ڕایگەیاند کە پێویستە کۆنترۆڵی دوورگەی گرینلاند بۆ ئەمریکا بێت نەک دانمارک.
ترامب لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی کۆنترۆڵکردنی گرینلاند زیانی بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ناتۆ گەیاندووە و وتی کە دانمارک پارەی پێویست بۆ یارمەتیدانی گرینلاند خەرج ناکات، لە کاتێکدا ئەو ناوچەیە بۆ ئەمریکا گرنگە و لەلایەن کەشتییەکانی چین و ڕووسیاوە دەورەدراوە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان لەگەڵ دانمارک و گرینلاند بە شێوەی مانگانە بەردەوامن، هەروەها جێف لاندری، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا، جەختی لەسەر پێویستی دووبارە جێگیرکردنەوەی هەژموونی واشنتن لەو هەرێمەدا کردەوە.
ترامب پێیوایە گرینلاند بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بنەڕەتییە و ئەگەر واشنتن کۆنترۆڵی نەکات، دەکەوێتە دەست چین یان ڕووسیا.
لە سەردەمی شەڕی سارددا، ئەمریکا 17 بنکەی سەربازی لەوێ هەبووە، بەڵام ئێستا تەنها بنکەی پیتۆفیک ماوەتەوە. گرینلاند کورتترین ڕێڕەوە بۆ موشەکە بالیستییەکانی ڕووسیا بەرەو ئەمریکا و خاوەنی کانزای دەگمەنە، هەروەها بەهۆی توانەوەی سەهۆڵەکانەوە دەبێتە ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا دەیەوێت 3 بنکەی نوێ لە باشووری دوورگەکە بکاتەوە. ڕێککەوتنی بەرگریی ساڵی 1951 کە لە ساڵی 2004 نوێکراوەتەوە، ڕێگە بە ئەمریکا دەدات هێزەکانی زیاد بکات بە مەرجی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی دانمارک و گرینلاند.
لە کانوونی دووەمدا، ترامپ لە هەڕەشەکانی بۆ لکاندنی گرینلاند پاشەکشەی کرد و تیمێکی کارکردنی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی واشنتن سەبارەت بە مۆسکۆ و پەکین پێکهێنرا.
