عەلی زەیدی پێشوازی لە مەسعود پزیشكیان كرد

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

 عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە نەجەف پێشوازی لە سەرۆك كۆماری ئێران دەكات و قووڵایی پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵات دووپاتدەكاتەوە ئەوەش لەچوارچێوەی دەستپێكردنی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران كە بڕیارە سبەی لە عێراق دەستپێبكات.

ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە شاری نەجەف پێشوازی لە مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران كرد لەچوارچێوەی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران.

زەیدی سەرەخۆشی لە گەل و حكوومەتی ئێران بە بۆنەی كوژرانی خامنەیی كرد و جەختی لە پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵات و پابەندبوون بە پتەوكردن و بەرزكردنەوەیان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا كردەوە. 

هەروەها ئاماژەی بە پێداویستییەكانی قۆناغی داهاتوو و پێویستی وردبینی و چاودێری لە مامەڵەكردن لەسەر هەموو ئاستە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان كرد بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری و كۆتاییهێنان بە ململانێكان.

لای خۆیەوە پزیشكیان سوپاس و پێزانینی وڵاتەكەی بۆ هەڵوێستی حكومەت و گەلی عێراق دەربڕی و ستایشی ئەو هەوڵ و ئاسانكارییە بەرچاوانەی كرد كە بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمەكە دابینكراون.

بەخاكسپاردنی تەرمی خامنەیی دوای زیاتر لە چوار مانگ دێت لە كوژرانی لەهێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكادا، بۆ ئەوەش رێوڕەسمێكی چەند رۆژە لە چەند شارێكی عێراق و ئێران سازكراوە.