تاران دوای خامنەیی؛ نەوەیەکی توندڕەوتر دەسەڵات دەگرێتە دەست

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەنها لەماوەی چوار مانگدا، نەخشەی سیاسیی‌و سەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی گۆڕا، ئەم گۆڕانکارییە دوای سێ ڕوداوی سەرەکی هات، ڕاگرتنی کاتیی شەڕ، بێئاکامبونی دانوستانەکان‌و مه‌راسیمى ماڵئاوایى له‌ته‌رمى عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران، هەرچەندە لەدیمەنی یەکەمدا وا دەردەکەوێت ململانێکان بەرەو کۆتایی دەچن، بەڵام لەڕوانگەی سەربازییەوە، ناوچەکە چوەتە ناو قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزترو مەترسیدارتر.


ئامادەکارییەکانی تاران‌و نیشانەکانی ئیسرائیل
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوەدەکەن، تاران لەڕێگەی جوڵەی سیاسیی‌و سەربازیی هاوکاتەوە، دەستی بەڕێکخستنەوەی کارتەکانی کردوە؛ بەئامانجی گێڕانەوەی هەژمونی ناوچەیی‌و ناردنی پەیامێک کە شەڕ نەبوەتە هۆی پەکخستنی تواناو کاریگەرییەکانی، لە کاتێکدا هەزاران کەس ڕژانەسەر شەقامەکانی پایتەختى ئێران، سوپای پاسداران نمایشە موشەکییەکانی گۆڕی بۆ "مانۆڕێکی سیاسیی"؛ تا بیسەلمێنێت غیابی سەرەکی هەرەمی دەسەڵات، بەواتای ڕوخانی ڕژێم یان هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەکانی نایەت.

مەتەڵی غیابی موجتەبا خامنەیی
لەپشت پەردەی مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەوە، مەتەڵی ئامادەنەبونی موجتەبا خامنەیی، سەرنجی ناوەندە سیاسییەکانی ڕاکێشا، به‌گوێره‌ى شرۆڤە سەربازییەکانی ئیسرائیل، ئەم غیابە نیشانەی قەبارەی ئه‌و شكسته‌یه‌ کە ڕژێمەکە ڕوبەڕوی بوەتەوە.

ئیسرائیل سێ ئەگەر دەخاتەڕوو له‌باره‌ى ئاماده‌نه‌بونى، یه‌كه‌میان ده‌ڵێت، :کوژرانی ناوبراو لەهێرشەکانی پێشودا، برینداربونی بەسەختی‌و مانەوەی لەدۆخێکی توندی ئەمنیدا بەهۆی مەترسی تیرۆرکردنیەوە.

لەهەمان چوارچێوەدا، ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان دیمەنی گریانی بەرپرسە باڵاکانیان بە"پڕوپاگه‌نده‌ی میدیایی" وەسفکردو گومانیان لەقەبارەی بەشداری جەماوەریی کرد، کاتێک ئاماژەیان بەبەکارهێنانی تەکنیکی ژیری دەستکرد (AI) کرد بۆ گەورەکردنی دیمەنی جەماوەر، لەگەڵ تێبینی کەمبونەوەی ئامادەبونی وه‌فده‌ نێودەوڵەتییەکان بەبەراورد بەمەراسیمەکانی پێشوو.

بەرەی لوبنان‌و یەمەن: شەڕی دواخراوو پردە ئاسمانییەکان
لەلایەکی دیکەوە، چاودێران دەڵێن، باشوری لوبنان چەقی ئەو شەڕەیە کە تەنها دواخراوە، لەقوڵایی چیاکانی (عەلی تاهیر)و (قەڵای شەقێف)، تۆڕێکی فراوان‌و ئاڵۆزی تونێلە ستراتیژییەکان هەیە کە بەپارەدارکردنی ئێران‌و سەرپەرشتی حزبوڵڵا دروستکراون، "ڕاپۆرتەکان ئاشکرایدەکەن، تاران فشارێکی دیپلۆماسیی توند لەسەر واشنتۆن دروستدەکات، بۆ ڕێگریکردن لەبەئامانجگرتنی تۆڕی تونێلە ستراتیژییەکانی لەباشوری لوبنان، لەکاتێکدا تەلئەبیب پێیوایە، هۆکاری کات لەبەرژەوەندیی نەیارەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەکانیان.

هاوکات لەبەرەی یەمەن، جوڵەیەکی نوێی تاران ده‌ركه‌وت دوای کردنەوەی هێڵێکی ئاسمانی ڕاستەوخۆ (جسر جوی) لەنێوان تاران‌و سەنعا، ئەم هەنگاوە مەترسی‌و نیگه‌رانى تەلئەبیب‌و واشنتۆنی لێکەوتوەتەوە لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی شارەزایانی سەربازیی، چەک‌و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان.

بینینی ئەمریکی: گواستنەوەی دەسەڵات بۆ نەوەیەکی توندڕەوتر
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی خوێندنەوەیەکی جیاوازى بۆ دۆخى دواى عه‌لى خامنه‌یى كردوه‌و بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، "مەراسیمی بەخاکسپاردنەکە پەیامێکی ڕونی تێدابوو کە دامەزراوەکانی دەسەڵات لەتاران هێشتا یەکگرتون".

ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوەدەکات، دەسەڵات گواستراوەتەوە بۆ نەوەیەکی نوێی سیاسی کە "توندڕەوترن"و لەلایەن سەرکردە ئەمنی‌و سەربازییەکانی سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتیدەکرێن، لەگەڵ بەردەوامی پشتبەستن بەهەژمونی میدیایی‌و هێشتنەوەی گەروی هورمز وەک کارتێکی فشاری ستراتیژیی دژی ئەمریکا.

لەنێوان گێڕانەوەی ئیسرائیلی، شرۆڤەی ئەمریکی‌و گۆڕانکارییەکانی ناو جەرگەی دەسەڵات لەتاران، ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی نوێدایە کە ناونیشانی سەرەکی: دوبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکانی هێزە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.