شارپرێس:
کۆشکی سپی پێش بەڕێوەچونی لوتکەی ناتۆ لەئەنكەرە، سەردانی پێشوەختە پلان بۆداڕێژراوی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بۆسەر گۆڕی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا، مستەفا کەمال ئەتاتورک لەئەجێندای نوێکراوەی خۆی لادا، بێئەوەی هیچ هۆکارێکی فەرمی بۆ ئەم بڕیارە کتوپڕە ڕابگەیەنێت.
ئەم گۆڕانکارییە تەنها سەرۆکی ئەمریکا ناگرێتەوە، بەڵکو سەرۆکی دەوڵەتو حکومەتەکانی دیكهى بەشداربوی لوتکەی ناتۆش سەردانی ئەو مەزارگەیە ناکەن، لەجیاتی ئەوە بڕیاردراوە سەردانەکە تەنها بۆ وهفدێك بێت کە نوێنەرانی هەمیشەیی وڵاتانی ئەندامو بەرپرسانی باڵای سکرتاریەتی گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ لەخۆدەگرێت.
ئەم هەنگاوە بە لادان لەنەریتی دیپلۆماسی مێژویی تورکیا دادەنرێت؛ چونکە بهگوێرهى پرۆتۆکۆڵی فەرمی چەند دەیەی ڕابردوو، دەبوو سەرکردەی وڵاتان لەسەرەتای سەردانە فەرمییەکانیاندا بۆ ئەنكەرە بچنەسەر گۆڕی ئەتاتورکو تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەتاتورک دابنێن، کە ئەمەش نەریتێکی جێگیرەو ڕەهەندو گرنگییەکی سیاسییو سیمبولی قووڵی لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانو دوقۆڵییەکاندا هەیە.