بنەماڵە هاوردەكراوەكانی عەفرین ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی كورد ناگەڕێننەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 62 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارە كوردەكان بۆ شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، بەڵام هێشتا بنەماڵە هاوردەكراوەكان بەتایبەت بنەماڵەی گروپە چەكدارەكان شارەكەیان چۆڵ نەكردووە.

بەگوێرەی لێدوانی هاووڵاتییەكی خەڵكی عەفرین كە لە كاروانی هەشتەمدا گەڕاوەتەوە شارەكەی خۆی، بۆ ئاژانسی ئانهای رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، بنەماڵە هاوردەكراوەكان هێشتا شارەكەیان چۆڵ نەكردووە.

بەوتەی ئەو هاووڵاتییە بنەماڵە هاوردەكراوەكان دەستیان بەسەر ماڵەكەیدا گرتووە و چۆڵی ناكەن داوای بڕی 2500 دۆلار دەكەن.

دەشڵێت، سكاڵای تۆماركردووە لەلای دەزگا پەیوەندیدارەكان، بەڵام هێشتا ماڵەكەی نەدراوەتەوە.

ئەو گروپە چەكدارانە و بنەماڵەكانیان لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ماڵی هاووڵاتیانی كورد دەستیان بەسەر موڵك و زەوییە كشتوكاڵییەكانی هاووڵاتیانی كوردیشدا گرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان 521 بنەماڵەی گروپە چەكدارەكان لە سنوری شارۆچكەی شییە و لەنێو عەفرینیش پێنج هەزار بنەماڵەی هاوردەی سنوری دێرەزوور هەن.