كۆنگرەی ئازادی ئێران هێرشەكانی سەر پارتە كوردییەكان شەرمەزار دەكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 99 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

كۆنگرەی ئازادیی ئێران هێرش بۆ سەر پارتە كوردییەكان و سەركوتكردنەكان لە ئێران شەرمەزار دەكات.

كۆنگرەی ئازادی ئێران لەڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت "كۆماری ئیسلامی، وەك نەریتی لەمێژینەی، هاوكات لەگەڵ دانوستاندن و واژۆكردنی ڕێككەوتننامەكان لەگەڵ هێزە دەرەكییەكان، لە ناوخۆی وڵاتدا سەركوتكردن، لەسێدارەدان، كوشتن و كۆمەڵكوژییەكانی زیاتر كردووە".

دەشڵێت "لە كوردستان، جارێكی دیكە بینەری شەپۆلێكی فراوان لە سەركوتكردن و كوشتنی حكومەتین. هێرشە موشەكی و درۆنییەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كەمپ و بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەوانەش پارتی پەژاك و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، هاوكات لەگەڵ شەڕی ۳۹ ڕۆژە دەستی پێكرد و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و واژۆكردنی ڕێككەوتن، هێشتا بەردەوامە. ئەم پێشێلكارییانە بەشێكن لە سیاسەتە ڕێكخراوەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ توندكردنەوەی كەشی تۆقاندن و ترس و چەسپاندنی دەسەڵاتەكەی لە ڕێگەی توندوتیژییەوە لە كوردستان و سەرانسەری ئێراندا".

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی كۆنگرەی ئازادی ئێراندا هاتووە "لە هەنگاوێكی دووبارە و چەواشەكارانەدا، ئاژانسێكی هەواڵیی حكومەت بە بڵاوكردنەوەی ناوی لیستێك لە چالاكوانانی سیاسیی كورد، بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئێران داوای لە پۆلیسی ئینتەرپۆل كردووە بۆ دەستگیركردنی ئەم كەسانە".

كۆنگرەی ئازادیی ئێران شەپۆلی نوێی سەركوت، لەسێدارەدان و كوشتن لە ناوخۆی وڵات و هەروەها هەنگاوە چەواشەكارانەكان بە بەرگی ئەمنی و دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵات شەرمەزار دەكات و بە بەكارهێنانی شێوازی جۆراوجۆر، تەواوی هەوڵەكانی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتانە دەخاتە گەڕ.