شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاند، دۆناڵد
ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەپەراوێزی لوتکەی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەتورکیا،
لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە، بڕیارە ترەمپ ڕۆژی سێشەممە
بگاتە شوێنی بەڕێوەچونی لوتکەکەو یەکەم کۆبونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک
کۆماری تورکیا سەرۆکی میواندار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ترەمپ کۆبونەوەیەک لەگەڵ
سەرۆکی سوریا سازدەکاتو کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیش ئەنجامدەدات.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وردەکاری سەردانەکەی
ترەمپی بۆ تورکیا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕونکردەوەو ئاشکرایکرد، ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ
زیلینسکی کۆدەبێتەوە بۆ تاووتوێکردنی "ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بەشەڕەکە".
بەرپرسەکە وتویهتى، "ڕونە کە گۆڕەپانی
جەنگەکە لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا بەستەڵەکی بەخۆیەوە بینیوەو لایەنەکان پێشکەوتنی
گەورە بەدەستناهێنن، ترهمپیش هەست بەپێویستییەکی بەپەلەو ڕاستەقینە دەکات بۆ هەوڵدان
بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەم دۆخە".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ لەکاتی
لوتکەکەدا هانی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆش دەدات بۆ زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکانیان.
لەژێر فشاری ترەمپدا، سەرکردەکانی ناتۆ لەکۆبونەوەی
ساڵی ڕابردودا ڕێککەوتن لەسەر زیادکردنی خەرجییە پەیوەندیدارەکانی بەرگریی بۆ 5٪ی
کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تا ساڵی 2035.
لوتکەی داهاتوی هاوپەیمانێتییەکە کە 32 وڵاتی
ئەندام کۆدەکاتەوە، لە 7و 8ی تەمموزدا لەئەنكەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەدەچێت.
