واشنتۆن پۆست: نەوەی نوێی دەسەڵاتداری ئێران، بەهێزترو ڕادیکاڵترن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ڕێبەری پێشووی ئێران، عەلی خامنەیی، کە چوار مانگ دوای کوژرانی لە یەکەم ڕۆژی جەنگەکەدا بەڕێوە دەچێت، نیشانەی بەردەوامی کۆماری ئیسلامیی و سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی ڕابەرانە کە توندڕەوتر و بەهێزتر لە ناو دەسەڵاتدان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، موجتەبا خامنەیی سەرکردایەتیی هەرەمی دەسەڵاتی وڵات دەکات، هەرچەندە لە دوای برینداربوونی لە هەمان هێرشەدا کە باوکی تێدا کوژرا، لە لە دەرکەوتنی ئاشکرا دوور کەوتۆتەوە.

واشنتۆن پۆست دەڵێت ڕابەرییە نوێیەکە گەنجترە و کۆنترۆڵی تەواوتری بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەیە، هەروەها سوودی لە ئەزموونی جەنگەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان وەرگرتووە و لە بەکارهێنانی ئامرازە ناسەربازییەکان وەک دیپلۆماسیی و ڕاگەیاندنی ئۆنلاین شارەزاتر بووە.

ڕۆژنامەکە بە گوێرەی بۆچوونی بەرپرسان و شارەزایان دەنووسێت کە ئێران، سەرەڕای ئەو هێرشانەی لەلایەن دوو لە هێزدارترین سوپاکانی جیهانەوە بەرەوڕووی هات، توانیویەتی خۆی بپارێزێت و ئێستا بە دڵنیاییەکی زیاترەوە هەنگاو دەهێنێت، هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت کە دەسەڵات هێشتا بەردەوامیی بە سیاسەتی ئاسایشی توند و هەڵمەتی سزادانی دژبەران و ڕەخنەگران دەدات.

لە ناو کەسایەتییە دیارەکانی قۆناغی نوێدا، ناوی محەممەد باقر زوالقەدر وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و موحسن ڕەزایی وەک ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەر هاتووە.

لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەدات کە جەنگەکە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەژموونی کاربەدەستانی مەدەنیی هەبووە و ڕۆڵی سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعوود پزیشکیان، و وەزیری دەرەوە، عەباس عێراقچی، لە ناو بڕیارسازییەکاندا کەمتر بۆتەوە.

واشنتۆن پۆست هەروەک دەڵێت نەوەی نوێی ڕابەری ئێران، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لە نەوەی شۆڕشی 1979 جیاوازە، بەڵام هەمان ئامادەیی بەکارهێنانی هێزی هەیە بۆ پاراستنی دەسەڵات.

لەکۆتاییدا دەڵێت: نەوەی نوێی دەسەڵاتی ئێران بەڕوونی گرنگیی ستراتیژیی تەنگەی هورمزی بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکایان تێگەیشتووە و بە گوێرەی شارەزایان، ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی متمانەی ڕابەرییە نوێیەکە لە دوای جەنگ.