ئه‌مریكا چۆن عێراقچی‌و قالیبافی لەده‌ستى ئیسرائیل ڕزگارکرد؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2589 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" کۆمەڵێک پرسیاری وروژاندوە، دوای ئەوەی ئاشکرایکردوە، ئەمریکا پێیوابوە، ئیسرائیل پلانی داناوە بۆ كوشتنى ژمارەیەک لەبەرپرسە باڵاکانی ئێران، لەنێوانیاندا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەو محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، ئەمەش لەقۆناغێکی هەستیاری دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن‌و تاراندا بوە، ده‌شڵێت، ئیدارەی ئەمریکا تا ئەو ڕادەیەش ڕۆیشتوە کە لەڕێگەی ناوبژیوانانی ناوچەکەوە هۆشداریداوەتە ئێران لەئەگەری ئەنجامدانی ئەو پڕۆسانە، به‌ئامانجى هەرەسهێنانی ڕێڕەوی دانوستانەکان‌و گەڕانەوەی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی.


بەگوێرەی ئەوەی ڕۆژنامە ئه‌مریكیه‌كه‌ لەزاری بەرپرسانی ئێستا‌و پێشوی ئەمریکاوە گواستویەتییەوە، واشنتۆن پێیوابوە، هەر پڕۆسەیەکی تیرۆرکردن کە ئەوکەسایەتییانە بکاتە ئامانج کە ئەرکی بەڕێوەبردنی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لەئەستۆیە، بەسە بۆ لەباربردنی هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەمەش پاڵی پێوەناوە کە گوشاربخاتەسەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەماوەی گفتوگۆکاندا هیچ پڕۆسەیەکی لەو شێوەیە ئەنجامنەدات.

ئەم ئاشکراکردنە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە شاهیدی گۆڕانکاریی خێرا دەبێت لەدوای جەنگی کۆتایی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل‌و ئەو بەشداریکردنە ڕاستەوخۆیەی ئەمریکا کە بەدوایداهات لەپێناو دوبارە ڕێکخستنەوەی بنەماکانی ڕوبەڕوبونەوەدا، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ دانوستانە ئاڵۆزەکانی تایبەت بەپڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، داهاتوی گەروی هورمز، داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، لەگەڵ دۆسیەکانی هەژمونی ناوچەیی.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، قالیباف لەمانگی ئاداری ڕابردوەوە ناوى له‌لیستی ئامانجەکانی ئیسرائیلدا بوە، لەکاتێکدا به‌گوێره‌ى گێڕانەوەی بەرپرسانی ئێرانی، ناوبراو لەدوو هێرش ڕزگاری بوە؛ یەکێکیان لەماوەی جەنگی پێشوداو ئەوی دیكه‌شیان لەکاتی بەئامانجگرتنی کۆبونەوەیەکی نهێنیی بەرپرسە باڵاکانی ئێراندا بوو.

هەروەها ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، دەسەڵاتدارانی ئێران، لەڕێگەی ناوبژیوانانی قەتەرو پاکستانەوە، داوای گەرەنتیی ئەمریکایان کردوە بۆ پاراستنی سەلامەتیی وه‌فدى ئێرانی لەماوەی ئەو کۆبونەوانەی لەئیسلام ئاباد بەڕێوەچون، ئەمەش لەبەر ترسی بەرکەوتنیان بەهێرشی ئیسرائیلی کە ببێتە هۆی پەکخستنی دانوستانەکان.

وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ قسه‌یكردوه‌و وتویه‌تى، ئەم گێڕانەوەیەش قەبارەی ئەو ئاڵۆزییانە نیشاندەدات کە دەوری ڕێڕەوی دانوستانەکانیان دابوو، قەبارەی جیاوازیی نێوان دیدگای ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ بەڕێوەبردنی ململانێ لەگەڵ ئێران ئاشکرادەکات، چونکە واشنتۆن زیاتر مەیلی بۆ ئەوە هەیە گوشارە سەربازییەکان لەخزمەت چارەسەری سیاسیدا بەکاربهێنێت، لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لەسەیرکردنی لەناوبردنی سەرکردە ئێرانییەکان وەک بەشێک لەستراتیژییە ئەمنییەکەی خۆی.

سەعب سەدید شیکەرەوەی سیاسیی پێیوایە، خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە نابێت لەچوارچێوەی سیاسیی ناوخۆیی ئەمریکا دابڕێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەكانى ئه‌و وڵاته‌، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"یش بەیەکێک لەدەزگا ڕاگەیاندنە نزیکەکان لەدیموكراته‌كان دادەنرێت، ئەمەش وا دەخوازێت کە مامەڵەکردن لەگەڵ زانیارییەکانی ناویدا لەچوارچێوەی ژینگەیەکی سیاسیدا بێت کە شاهیدی جەمسەربەندییەکی توندە لەنێوان کۆماری‌و دیموکراتەکاندا، کە ڕەنگە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر شێوازی پێشکەشکردنی زانیارییەکان‌و کاتی بڵاوکردنەوەیان.

ئەوەی ڕاپۆرتەکەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایکردوە، ڕوناکی دەخاتەسەر سروشتی ئەو ململانێیەی لەپشت پەردەوە لەنێوان دوو بژاردەی هاوتەریبدا بەڕێوەدەچێت، یەکەمیان پشت بەگوشاری سەربازیی‌و هەڕەشەی بەردەوام دەبەستێت، دوەمیشیان لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی دانوستانەکان لەپێگەی هێزەوە کاردەکات بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سیاسیی‌و ئابوریی درێژخایەن.

لەکاتێکدا ورەکارییەکانی ڕاپۆرتەکە لەچوارچێوەی ئەوەدا دەمێننەوە کە ڕۆژنامەکە لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستویەتییەوە، واقیعەکان بەڕونی پیشانیدەدەن، پەیوەندیی نێوان واشنتۆن‌و تاران چوەتە قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا پەیامە ئەمنییەکان لەگەڵ دانوستانە دبلۆماسییەکاندا تێکەڵدەبن، ئەمەش لەکاتێکدا دێت کە ئەمریکا هەوڵدەدات هێزی سەربازیی‌و ئابوریی بەکاربهێنێت بۆ دوبارە کێشانەوەی بنەماکانی پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا، بێئەوەی بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی گشتگیر بڕوات.

بەپەلە